لەلایەن خەڵکی خەلەکانەوە
رێگەی رانیە – سلێمانی بە تەواوەتی داخرا و ناهێڵن یەک ئۆتۆمبێل تێپەڕێت
964+
ژێوار خدر
ماوەی سێ رۆژە دانیشتووانی دۆڵی خەلەکان لەسەر کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا و تەواونەکردنی دوو سایدی رانیە – سلێمانی لەسەر رێگەی سەرەکی ناحیەکە گردبوونەتەوە و خێمەیان هەڵداوە، سەرەتا تەنیا رێگەیان بە تێپەڕبوونی بارهەڵگر نەدەدا، بەڵام بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕیوەبەری ناحیەکە لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە، خەڵکەکەش وەڵامەکانی لایەنی پەیوەندیدارییان بەدڵ نەبوو و رێگەی رانیە – سلێمانییان بە تەواوەتی داخست و رێگە بە تێپەڕبوونی یەک ئۆتۆمبێلێش نادەن، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکانیش دەڵێت، “خۆیان بڕیار دەدەن بە چ میکانیزمێک دەنگی خۆیان دەگەیەنن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن”.
محەمەد ئیسماعیل، دانیشتوویەکی ناحیەی خەلەکان بۆ 964 وتی، بڕیارماندا بوو ئەگەر دوای 72 کاتژمێر وەڵامی داواکارییەکانمان نەدرایەوە، رێگەی رانیە بۆ سلێمانی بە تەواوەتی بگرین و نەهێڵین هیچ ئۆتۆمبێلێک تێپەڕبێت، ئەمڕۆش دوای کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەلامەکەیان هیچ هیوا بەخش نەبووە، بۆیە تا وەالامی داواکارییەکانمان نەدرێتەوە بەهیچ شێوەیەکە رێگەکە ناکەینەوە ئەم شوێنە چۆڵ ناکەین.
وتیشی، ژمارەمان لە 60 زیاترە و باکمان بە سەرما نییە و لەژێر خێمەکە دەمێنیەوە، دانیشتوانی هەموو ناوچەکە پاڵپشتی ناڕەزایەتییەکان دەکەن هەر لە باداوانەوە تاکو قەڵات بەردەوام دەبین و بێدەنگ نابین.
کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ ئێمە و قایمقامی قەزای دوکان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەت کۆبووینەوە، بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دوو سایدی رانیە – سلێمانی پارەی بەزیادەوە وەرگرتووە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بۆیە بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە بانگ بکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت لەبارەی هۆکاری راگرتنی کارکردن لە پڕۆژەکە.