بەردەڕەش.. 48 کاتژمێرە 600 ماڵ بێ کارەبان

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

گوندی ئیسماوا کە دانیشتووانەکەی 600 ماڵە، 48 کاتژمێرە کارەبای نیشتمانیان نییە، بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەشیش دەڵێ، محاویلەی کارەبایەکەیان سووتاوە.

یوسف یابە، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی ئیسماوایە بە تۆڕی964ـی وت، دوو رۆژە کارەبای نیشتمانی بڕاوە، ئەمەش وایکردووە شەوانە بە تاریکی بەڕێ بکەین و کارەبامان نییە.

تۆڕی964 دەزانێت، مانگی رابردوو بەهۆی ئەوەی مۆلیدەکانی سنووری پارێزگای دهۆک تەواوکاری کارەبای نیشتمانیان بۆ هاوبەشانی کارەبا کرد تاوەکو خەڵک 24 کاتژمێر کارەبایان هەبێت، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە گەیشتە 25 هەزار دینار.

 یوسف یابە، ترسی لەوەیە کە بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و زۆر هەڵکردنی کارەبای مۆلیدە، ئەم مانگەش پارەی زۆریان لە مۆلیدەی گوندەکە بۆیان بێتەوە، بۆیە داوا لە بنکەی کارەبای قەزای بەردەڕەش دەکات کە زوو محاویلە سووتاوەکەی گوندەکەیان چاک بکەنەوە.

ئەرشەد محەمەد، بەڕێوبەری کارەبای قەزای بەردەڕەش دەڵێ: محاویلەکەی ئەو گوندە، محاویلەیەکی گەورەیە، بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی لەسەریەتی سووتا.

زیاتر وتی “چاک کردنەوەی کاتی پێویست بوو، ئەمەش هۆکار بوو دوو رۆژ دانیشتووانی ئەو گوندە بێ کارەبان بن، ئێستاش محاویلەکەیان چاک کراوەتەوە و ماوەتەوە لە شوێنی خۆی دابنرێتەوە و کارەبا بۆ خەڵکی گوندەکە بگەڕێتەوە”.

گوندی ئیسماوا، شەش کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش  دوورە، ژمارەی دانیشتووانیشی زیاتر لە 600 سەر خێزانە.