سەمونخانەی پەرؤش بەهۆی پابەند نەبوونی بە رێنماییەکانەوە داخراوە وێنە: قایمقامیەتی رانیە
هەرچی سەرپێچی هەیە کردوویەتی
سەمونخانەیەک لە رانیە داخرا و خاوەنەکەشی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت
964+
ژێوار خدر
سەمونخانەیەک لە رانیە داخرا، هەرچی سەرپێچییە کردوویەتی و هیچ کام لە رێنماییەکانی لیژنەکانی قایمقامیەتی جێبەجێ نەکردووە و خاوەنەکەشی رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
قایمقامیەتی رانیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.1.2025 رایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکان سەردانی سەمونخانەی پەرۆشییان کردووە لە رانیە، بینیویانە هیچ کام لە رێنماییەکانی جێبەجێ نەکردووە و ئەوانیش سەمونخانەکەیان داخستووە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی قایمقامیەتی رانیە، سەمونخانەکە پابەند نەبووە بە مەرجەکانی پاکوخاوێنی، ئەو سینیانەی بۆ برژاندنی سەمونەکان بەکاریهێناون زۆر کۆن بوون، هیچ مەرجێکی سەلامەتی لەبەرچاو نەگرتووە، کێشی ئەنگوتکەکانی کەمتر بووە لە کێشی دیاریکراو و ژەنگیش لە شوێنی ئامادەکردنی سەموونەکان بینراوە.
ئاماژەبەوەشدراوە، بەهۆی ئەم سەرپێچیانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنی شوێنکارەکە دەگیرێتەبەر و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.