"دیمەنەکان ئەوەندە ناخۆش بوون ئازاریان دەداین"
کەسوکاری ئەنفالکراوان لە سەماوەوە گەڕانەوە گەرمیان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە 6.1.2025، رۆیشتنە پارێزگای سەماوە بۆ سەردانی دوایین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی لەو پارێزگایە ھەڵدراوەتەوە.
بەختیار رەوف، کەسوکاری ئەنفالە و یەکێک بووە لەوانەی سەردانی گۆڕەبەکۆمەڵەکەی کردووە بە 964ـى وت، ”دیمەنەکان ھێندە ناخۆش بوون ئازاری دەداین، دڵ بەرگەی بینینی نەدەگرت”.
“ئەوەی بینیمان لەوگۆڕە بەکۆمەڵە، کەسەکان بە پەڕۆیەک دەموچاویان بەسترابوو دوای ئەوە گولەباران کرابوون و خرابوونە ژێر خۆڵەوە” بەختیار رەوف وای وت.
ئەنوەر حەمەلاو، سێیەم جاریەتی سەردانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەکات بۆ 964 وتی، ”حەوت لە کەسوکارەکەی ئەنفالن، ماوەی دوو رۆژ لە پارێزگای سەماوە بوون بۆسەردانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە”.
زیاد فایەق، وەک نوێنەری رێکخراوی ھاوکاری ئەڵمانی سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کردبوو قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ”ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو بۆ ئێمە تیمەکان زۆر خەمخۆر بوون و بەباشی کارەکانیان دەکرد”.
باسی لەوەشکرد، لە نزیکی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کە ھەڵدراوەتەوە دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ دیاریکراون، دوای تەواوبوونی کارەکانی ئەمەی ئێستا، ئەو دوو گۆڕەی دیکەش ھەڵدەدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکانی و پشکنینی DNA بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان، لە مەراسیمێکی تایبەتدا روفاتەکانیان بھێنرێتەوە بۆ کوردستان”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر