تەرمەكەی هێشتا نەهێنراوەتەوە

گەشتیارێک لە نزیك بێخاڵ هەڵدێرا و گیانی لەدەست دا

964+
ئاكام غەفور – سۆران

بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، ئەم بەیانییە هەواڵی هەڵدێرانی گەشتیارێكیان پێگەیشتووە و بە قسەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، گەشتیارەكە بە نەتەوە عەرەبە و گیانیشی لەدەست داوە.

رووداوەکە نزیک کاتژمێر شەشی بەیانی بووە، ئەو شوێنەی لێ هەڵدێراوە بەرزییەکی سەختە و نزیکەی 350 مەتر بەرزە.

كاروان میراودەولی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لە نزیك شوێنی هەڵدێرانی گەشتیارەكە لە رێگای خەلیفان – بێخاڵ، ئەم بەیانییەی سێشەممە 7.1.2025 قسەی بۆ 964 كرد و ئاشكرای كرد، ئەم بەیانییە نزیكی كاتژمێر 6:00 پەیوەندییان پێوەكراوە بە بوونی رووداوی هەڵدێرانی گەشتیارێك، كە دوو كەسی دیكەشی لەگەڵدا بووە.

بە قسەی میراودەولی، گەشتیارەكە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و ئێستاش بە چوار تیم خەریكی سەرخستنەوەی تەرمەكەین، وتیشی، “شوێنەكەی زۆر سەختە و كاتێكی زۆری دەوێت”.

ئاماژەی بەوەش دا، گەشتیارەكە جگە لە دوو هاوڕێی، كەسوكاری دیكەشی لەگەڵدایە.

لە ماوەی پێنج رۆژدا ئەمە دوو حاڵەتی هەڵدێرانە لە شاخەکانی سنووری سۆران، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

120 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە 

120 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە