قایمقامە نوێیەکەی داقوق خەریکە سەری پارێزگاری کەرکوک دەخوات

+964

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەگەرچی بە بڕیاری فەرمی بووە قایمقام، بەڵام کورد و تورکمانی داقوق نەک هەر رەتیانکردەوە، داوای دەستلەکار کێشانەوەی راکان جبوریش دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی شوبات، بە بڕیاری راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، عەبدولستار عەلی کرایە قایمقامی قەزای داقوق.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بینای قایمقامییەت، کورد و تورکمانی دانیشتووی داقوق لەبەردەم بینای قایمقامیەت خێمەی ناڕەزایەتییان داکوتا و دەرگای بینای قایمقامەتیشیان کلیل دا، کۆکبوون لەسەر ئەوەی رازی نین پارێزگاری کەرکوک، قایمقامێکی عەرەب بەزۆر بەسەر قەزاکە بسەپێنێت.

ناڕەزایەتی لایەنە سیاسییە کوردیی و تورکمانەکانی شارەکە، قایمقامە نوێیەکەی ناچار بە جێهێشتنی کورسییەکەی کرد کە تەنیا کاتژمێرێک لەسەر کورسی قایمقامیەتی قەزای داقواق بوو.

ناڕەزایەتی کورد و تورکمانی داقوق، لە کاتێکدایە دوو هەفتە بەر لە ئێستا یەكێتيی نیشتیمانيی كوردستان لە رێگەی نوێنەرانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەوازێكیان كرد بۆ ئەوەی بڕۆنە بەردەم بینای قائیمقامیەت رێگربن لە دانانی قائیمقامی نوێ، بەڵام هەر بۆ شەوەكەی بڕیاری خۆپیشاندانەكە هەڵوەشایەوە، وتیان لەگەڵ پارێزگار گەیشتووین بە رێكەوتن .
ئەنوەر عەلی، دانیشتووی قەزای داقوقە بە تۆڕی964 وت “ئەمڕۆ دوای دەستبەكاربوونی، كێشەوگرفت دروستبوو، هەر بۆیە پاش كاتژمێرێک مانەوەی لە بینای قائیمقامیەت، رۆیشت و پۆستەکەی جێهێشت”.

تۆڕی964 دەزانێت، قائیمقامە نوێیەکەی داقوق پیشەی پارێزەرە و فەرمانبەری بەشی یاساییە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك.  

ئەبو رەزا موسەوی، كەسایەتی نێو رێكخراوی بەدر بە تۆڕی964ـی وت “لەگەڵ سەپاندنی هیچ كەسێك نین، دانیشتووانی قەزاکەش خۆیان بە رێککەوتن قایمقامێک دادەنێن”.

زیاتر وتی “داوای دەستلەكاركێشانەوەی خودی پارێزگاری كەركوك دەكەین، چونكە ئەو راستگۆ نەبوو لەگەڵمان”.

كە بەڵێنی پێداین بە رێكەوتن كەسێك دەستنیشان دەكەین بۆ ئەو پۆستە، هەر بۆیە لەئێستادا  هەردوو دەرگای سەرەكی بینای قايمقامیەتی قەزای داقوقمان داخستوە خێوەتمان هەڵداوە كۆبونێتەوە بە نیاز نین كۆتای پێبهێنین تاوەكو ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە.

جێی بیرخستنەوەیە، ئەوە دووەمین قائیمقامە لە نەتەوەی عەرەب لەلایەن پارێزگاری كەركوك بۆ داقوق دادەنرێت، لە دەستبەکاربوونی هەردووکیان كێشە دروستبووە.