زەوی سندوقی لە هەولێر

500 هاوڵاتی رێگەپێدانی دروستكردنی خانوویان وەرگرت

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر رێگەپێدانی دروستكردنی خانووی بە 500 هاوڵاتی دیكە دا، كە زەوی سندوقییان هەیە و بەمەش ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا لەو رێگەپێدانە سوودمەندن، بوونە نۆ هەزار كەس.

لە رێوڕەسمێكدا ئەمڕۆ دووشەممە 6.1.2025 لە دیوانی پارێزگای هەولێر، 500  رێگەپێدانى دیکە رادەستى خاوەنەکانیان کرا، كە دەتوانن خانوو لەسەر زەوى سندووقى و حەرەمى گوندەكان دروست بكەن.

پارێزگارى هەولێر ئومێد خۆشناو لە رێوڕەسمەكەدا ئاماژەی بەوەدا، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاوڵاتیانى هەژار و کەمدەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بڕیارى تەملیککردن و مۆڵەتپێدان بۆ دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندوقى دراوە.

وتیشی، تا ئێستا نۆ هەزار هاوڵاتیی لەو بڕیارە سوودمەندبوونە و رێگەپێدانیان پێدراوە بۆ دروستکردنى خانوو لە سەر ئەرزى سندوقى و لە نێو حەرەمى گوند، هێشتاش پڕۆسەکە بەردەوامە و بەشیکى زۆر مامەڵەى دیکەش ماوە لەلای لیژنەى پارێزگا.

زەوی سندوقی ئەو زەویانەن، كە دوولا یان سێ لایان کراوە بە خانوو، پێشتر رێگە نەدەدرا بکرێن بە خانوو دواتر بە بڕیاری حکومەت و بە رێنمایی، رێگەپێدانیان بۆ دەرکراوە.