دۆستى پەنابەرانە
سەرۆکى گەنج و کەشخەکەى کەنەدا دەستلەکار دەکێشێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەپێى ئاژانسەکانى هەواڵ، لە چەند رۆژى داهاتوودا گەنجە شیک و پۆشتەکەى کەنەدا دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستى سەرۆکى حزبەکەى رادەگەیەنێت و ئەوەش بە واتاى دەستلەکارکێشانەوەیەتى لە پۆستى سەرۆک وەزیران.
جەستن ترۆدۆى تەمەن 53 ساڵ کە ئێستا رووخسارێکى دیارى سیاسەتە لە جیهاندا، ساڵى 2013 لە هەڵبژاردنێکى نێوخۆیى پارتەکەیدا لەنێو شەش کاندیدا رێژەی 78%ـى دەنگەکانى بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکى حیزبى لیبڕاڵەکان و دووساڵ دواتر توانى پۆستى سەرۆک وەزیرانى کەنەدا بباتەوە و لەو کاتەوە بێ پچڕان حوکمى کەنەدا دەکات
ئاژانسى رۆیتەرز بڵاوى کردەوە، جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانى کەنەدا لە ناو پارتەکەیدا رووبەڕووى فشار بووەتەوە بۆ ئەوەى دەست لە پۆستى پارتى لیبراڵى دەسەڵاتدار، هەڵبگرێت.
بەپێى زانیارى ئاژانسەکان، پێشبینى دەکرێت پێش کۆبوونەوەى بەپەلەى سیاسەتمەدارانى لیبراڵ لە رۆژى چوارشەممە، دەستلەکارکێشانەوەى جەستن رووبدات.
چەند مانگێکە، سەرۆک وەزیرانى کەنەدا لەژێر فشارى یاسادانەرانى هەڵبژێردراوى پارتەکەیدایە بۆ ئەوەى دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى کریستیا فلایلاند، وەزیرى دارایى لە 16ـى کانوونى دووەمدا دەستى لەکارکێشایەوە و رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیران لەسەر سیاسەت ناکۆکن.
تا ئێستا روون نییە کە ئایا ترودۆ دەستبەجێ جێدەهێڵێت یان وەک سەرۆکوەزیران دەمێنێتەوە تا سەرکردەیەکی نوێی لیبراڵەکان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە هەر حاڵێکدا دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستى سەرۆکى حزب، بە واتاى دەستلەکارکێشانەوەیەتى لە پۆستى سەرۆک وەزیران.
دەبێت تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنێک لە کەنەدا ئەنجام بدرێت و پێشبینی دەکرێت لیبراڵەکان بە قورسی بە پارتی پارێزگارانى ئۆپۆزسیۆن بدۆڕێن.