جووتیارانی کەلار پڕۆژەیەکی گەشتیاری پەکدەخەن

+964

هونه‌ر فارس – گه‌رمیان

بە مەبەستی رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانەی چەندان ساڵە کاری تێدادەکەن، بەشێک لە جووتیار و خاوەن باخەکانی کەلار گردبوونه‌وه‌.

گردبوونەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ـی شوبات، لە نزیک رووباری سیروان بەڕێوەچوو، تێیدا ئەو جووتیار و خاوەن باخانەی دەست بەسەر زەوییەکانیاندا گیراوە، داوای قەرەبوو دەکەن.

بە وتەی خۆیان و بە گوێرەی ئەو گرێبه‌ستانەی له‌ لایانە، زیاتر لە 50 ساڵە ئەو زەوییانەیان بەدەستەوەیە، وەک خۆیشیان دەڵێن، ساڵانە بۆ هەر دۆنم زەوییەک بڕی پێنج هەزار دیناریان وەک باج لێوەرگیراوە.

زەوییەکان پێشتر زەوی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ بوونە و لە ساڵی 2012ـه‌وە گرێبه‌ستی جووتیار و خاوەن باخەکان كۆتایی هاتووه‌.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، ئێستا بەهۆی کەمی زەوی شارەوانی، زەوییەکان لە کشتوکاڵەوە خراونەتە سەر شارەوانی.

بڵند عەبدولقادر یەکێکە لەوانەی باخەکەی بەر پڕۆژەی گەشتیاری مارینا دەکەوێت، بۆ تۆڕی 964 باس لەوەدەکات، لە ساڵی 1956ـەوە، ئەو زەوییانەی بەدەستەوەیە و ئامادەنین بەبێ قەرەبوو دەستبەرداری ببن.

جوامێر حەسەن محەمەد، كه‌ جووتیاره‌، ئه‌ویش بە تۆڕی 964ی وت “جگە لەو سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لەسەر ئەو زەوییانە دەیچێنین، هیچ داهاتێکی دیکەمان نییە”.

ئه‌و دەڵێت، بژێویی هەزاران خێزان لەسەر ئەو زەوییانەیە، بۆیه‌ بە هیچ شێوەیەک بەبێ قەرەبوو دەستبەرداری ئەو زەوییانە نابن.

گردبوونەوەی جووتیاران…فۆتۆ: 964+

رووباری سیروان لە گەڕەکی بەردەسووری کۆنەوە تا پردی گردەگۆزینە کراوە بە پێنج زۆنەوە، بەشێک لەو زۆنانە بۆ پڕۆژەیەکی گەشتیاری و نیشتەجێبوون بە ناوی “شاری مارینا” تەرخانکراوە، ئێستاش بەهۆی ناڕەزایی جووتیار و خاوەن باخەکانەوە کارکردن لە پرۆژەکەدا راگیراوە.