121 پڕۆژەش جێبەجێکراون

لە ساڵی 2024 دا رێژەی سەوزایی لە هەولێر %20 زیادی کردووە

964+

ژێوار خدر

ساڵی  بۆ سەنتەری شاری هەولێر ساڵی پڕۆژەکان بوو تەنیا لەو ساڵەدا  121 پڕۆژە لە سەنتەری شارەکە جێبەجێکراون،  زیاتر لە 146 هەزار دار و گوڵیش چاندراون و ئەمەش وایکردووە رێژەی سەوزایی لە شاەەکە %20 زیاد بکات.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یەکشەممە 5.1.2025 ئاماری سەرجەم پڕۆژە جێبجێکراوەکانی شاری هەولێری لە ساڵی 2024دا بڵاوکردەوە و دەڵێت لەو ساڵەدا 121 پڕۆژە بە بڕی 73 ملیار دینار جێبجێکراون و هاوکات رێژەی سەوزاییش %20 زیادی کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 146 هەزار دار و گوڵ چاندراون، لەسەر بودجەی 100% و 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بە بڕی 73 ملیار و 875 ملیۆن و 602 هەزار و 520 دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێكراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواوكراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.

روونیشیکردووەتەوە، لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، 15 هەزار و 271 تۆن قیر بەرهەمهاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكارهاتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساڵی 2024دا هەزار و 682 گرێبەست كراون و جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست و بڕی 18 ملیار و 561 ملیۆن و 48 هەزار دینار تەرخان کراوە بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر.

سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی رابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر 91 هەزار و 831 دار و 54 هەزار و 859 گوڵ چاندراون و رێژەی سەوزاییش بۆ (20،15%) بەرزبووەتەوە.