بەمنزیکانە دەکرێتەوە
“چاککردنەوەی پردەکەی گەلی عەلی بەگ سەرکەوتوو بوو”
964+
ئاکام غەفور-سۆران
کارەکانی پردەکەی گەلی عەلی بەگ گەیشتووە بە کۆتا قۆناغ و تەنها قیرتاوکردنی ماوە بۆ ئەوەی بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە، بەقسەی قایمقامی سۆرانیش، چاککردنەوەی پردەکە سەرکەوتوو بووە و هیچ کێشەیەکی نەماوە.
رەجەب زوبێر قایمقامی قەزای سۆران بە 964ـی وت، ”چاککردنەوەی پردەکە هیچ گرفتێکی نییە و پارچە شکاوەکانی گۆڕدراون، بۆیە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەسەریدا ئاساییە و دەتوانن بێ کێشە بەسەریدا بڕۆن”.
“قیرە کۆنەکەی سەر پردەکە هەڵگیراوە کە قیرێکی ئەستور بوو بۆ ئەوەی باری سەر پردەکە کەم ببێتەوە و قیرێکی تەنکتری لێ دەدرێت”، رەجەب زوبێر وای وت.
پەیامنێری 964 چووەتە سەر پردەکە و کارکردنی تیمەکانی بینیوە، بەڵام هاوشێوەی رۆژانی رابردوو، رێگە نەدراوە کە دیمەنەکان تۆمار بکات.
بەپێی زانیارییەکانی 964، کێشی ئەو قیرە کۆنەی لەسەر پردەکە بووە، نزیکەی 40 تۆن بووە و هەمووی هەڵگیراوە و بارهەڵگر و شۆفڵ و ئامێری رنینی قیر بەسەر پردەکە هاتوچۆیان کردووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری