414 منداڵیش لەدایک بوون

لە پشووەکانى سەرى ساڵدا نزیکەى 65 هەزار گەشتیار سەردانى هەولێریان کردووە

964+

ژێوار خدر

لە پشووەکانی سەری ساڵدا 63 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێرییان کردووە و 26 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، 12 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و 414 منداڵیش لەدایک بوون.

پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە 4.1.2025 ئاماری رۆژانی سەری ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو پلانەی بۆ پشووەکانی سەری ساڵ دایاننابوو بەسەرکەوتوویی و وەک خۆى و بەبێ هیچ گیروگرفتێک جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو ئامارەی پارێزگاکە بڵاویکردووەتەوە، لە 2024.12.25 تا 2025.1.1، 63 هەزار و 411  گەشتیار لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، هەروەها لەو ماوەیەدا، 26 رووداوى هاتووچۆ روویانداوە، کە بەهۆیانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و  14  کەسى دیکەش برینداربوون.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەر لەو ماوەیەدا 135 حاڵەت و تاوانى جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون، کە 129 حاڵەتیان  ئاشکرا کراون و تۆمەتباران و ئەنجامدەرانیان دەستگیر کراون، شەش تاوانیش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، ئەوە جگە لەوەی 12 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبوون.

هەر لە ماوەى ئەو هەفتەیەدا، 16 هەزار و 100 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانە گشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، 225 نەشتەرگەرى گەورە و 533 نەشتەری بچووک ئەنجامدراون، هەروەها 865  نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونیان کردووە و 414 منداڵ لەدایک بوون، ئەوە جگە لەوەى یەک هەزار و 269 نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە و چوار هەزار و 221 هاوڵاتیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە.

پاشماوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ 20 تۆن زبڵ و خاشاک بووە

پاشماوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ 20 تۆن زبڵ و خاشاک بووە