نرخەکەی تا 600 هەزار دەڕوات
دروستکردنی قاتی شاڵ رسقی پیاو و ژنانی هەڵشۆی داوە
964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر
شاڵ ياخود قاتی بزوی كوردی، پيشەی سەرەكی دانيشتوانی ناحيەی هەڵشۆیە لە پشدەر، لە دێر زەمانەوە تاوەكو ئێستاش سەرقاڵی دروستكردنی قاتی بزون ئەم پيشەیە لەلایەن ژنان و پیاوانەوە دەكرێت و بەشی زۆری كارەكە بەر ژنان كەوتووە وەکو رستن و تەنين و رايەڵكردن.
ئیبراهیم خدر، وەستای جۆڵاکردنە لە ناحیەی هەڵشۆ بە 964ـی وت، زیاتر لە 20 ساڵە خەریکی دروستکردنی قاتی شاڵم، لە باوباپیرانمەوە بۆمان ماوەتەوە، لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانمان دابین دەکەین، پيشەی جۆڵاکردن لەبەرەو پێش چووندایەو خواستکێی زۆری لەسەرە بەتایەبەت لەبۆنە ئاینیەکان و نەتەوەیەکاندا و بۆنەی نەورۆز و بەهار.
وتیشی، ئامێری جۆڵاکردنەکەمان سادەن، هەمان ئەوئامێرانەن کە لەکۆندا بەکاریان هێناوە، بە هێزی قاچ و دەست کارەکە دەکەین، ئەم پیشەیە بەشی زیاتری کارەکە ژنان دەیکەن، وەکو شردنەوەی خوری و شەنکردنی و رایەڵ و تەنینەکەش دەیکەن، لەهەمانکاتدا بەشێکان جۆڵاش دەکەن، ئێمەی پیاوانیش زیاتر کاری جۆڵایەکە دەکەین”.
شیرین حەسەن، دانیشتوی ناحیەی هەڵشۆیە و بە دروستکردنی قاتی بزوو یان شاڵەوە خەریکە بە 964ـی وت، زیاتر لە 25 ساڵە لەگەڵ کاری ناوماڵ کاری جۆڵاش دەکەم وەک سەرچاوەی ژیان، پیشەیەکی وردەو سەبری باشی دەوێت، هەر قاتێک پێویستی بە 25 مەتر قوماشە، بەسێ رۆژ دەیتەنین و تەواوی دەکەین.
“کاتێک مەڕدەبڕنەوە، خوریەکە دەشۆردرێت و بە بەرچیخاندا هەڵیدەخەین تا وشک دەبێتەوە، دواتر شەی دەکەین و خاوێنی دەکەینەوە، دواتر رایەڵی دەکەین و دەیکەن بەگڵۆڵە، دوای ئەوە بەئامێری جۆڵاکردن دەیتەنین و دەدورێت و دەبێت بە قاتی بزوو یاخود شاڵ”. شیرن حەسەن وای وت.
شاڵ یاخود قاتی بزوی کوردی، لەهەموو جۆرەکانی جلی کوردی پیاوان بەبەهاترە، زۆربەی رەنگەکانی بەرهەم دەهێنرێت، لە 300 هەزارەوە تاکو 600 هەزاردینار نرخەکەیان دەگۆڕێت و خواستی زۆری لەسەرە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی