پڕۆژەکەی شاخی پیرەمەگرون رادیۆ دەرچوو

964+
دیلان محەمەد

کۆمپانیایەک نەخشەیەکی بڵاوکردەوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەک لەسەر لوتکەی شاخی پیرەمەگرون، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە لەلایەن ژینگەپارێزانەوە.

لەسەر ئەم بابەتە لوقمان سەباح ئەندازیار لە کۆمپانیای دوبەی ھاوس بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو بابەتە لەناو پەیجی کۆمپانیاکەیان بڵاوکراوەتەوە تەنھا دیزاینی ڤێلایەکە لە شوێنێکی دوورەدەست و ھیچ جێبەجێکردنێکی بۆ نەکراوە و بۆ ھیچ کەسێکیش دروستنەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنھا وەک بیرۆکەیەکی چەند ئەندازیارێکیان بووە و بۆ جوانی دیزاینکراوە، لەبەرئەوەی ھیچ کەسێک داوای ئەو پڕۆژەیەی نەکردووە.

بەدواداچونی زیاترمان کرد بۆ ئەم بابەتە و پەیوەندیمان کرد بە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە.

سێوە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە ئەو بابەتە بڵاوکراوەتەوە، بەدواداچوونیان بۆ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، تەنھا بیرۆکەیە و بۆ جێبەجێکردن نییە.

باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2015 پڕۆژەی راکێشانی رێگایەک ھەبووە بۆ سەر شاخی پیرەمەگرون لە دیوی مێرگەپانەوە، بڕی 120 ملیۆن دیناری بۆ دابینکرابوو، بەڵام ئەو بابەتەش دەنگی نەما.

وتیشی “ھەر کارێک بکرێت پێویستی بە رێگەپێدان ھەیە، بەبێ ئەوە ھیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە بڕوات و کاری لەسەر بکات”.

شاخی پیرەمەگرون کەوتووەتە رۆژئاوای شاری سلێمانیەوە و بەرزییەکەی 2624 مەترە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە، رۆژانە دەیان کەس بە مەبەستی شاخڕەوی سەردانی دەکەن و ھەڵکەوتەیەکی سەختی ھەیە.