بیناى پۆلیسى گەرمیان
بۆچى بکوژەکان خۆیان رادەستکرد؟
گەنجەکەى کەلار چۆن کوژرا و بۆچى کوژرا؟
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى گەرمیان وردەکارى کوشتنى گەنجەکەى کەلار بۆ 964 ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لەلایەن دوو لە هاوڕێکانییەوە کوژراوە و دواتر خۆیان رادەست کردووە.
عەلى جەمال قدورى، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان بە 964ـى وت، ئێوارەى رۆژى یەکشەممە، گەنجەکە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، دواتر لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەى دەستیپێکرد و دەرکەوت دواجار لەگەڵ دوو هاوڕێى دەرچووە”.
“ئەو دوو هاوڕێیەى کە هاوتەمەنى گەنجەکەن و تەمەنیان 20 بۆ 21 ساڵە، دواى ئەوەى زانیان کە زانراوە لەگەڵ ئەوان دەرچووە، خۆیان رادوەستى ئاسایش کرد و دانیان بەوەدانا کە هاوڕێکەیان کوشتووە”، عەلى جەمال قدورى واى وت.
بەوتەى وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان، بەپێى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دوو هاوڕێکەى بۆ ئۆتۆمبێلەکە کوشتویانە، دواى تر ئۆتۆمبێلەکەیان بردووەتە دەرەوەى کەلار و لە دوکانێکى جوانکارى دایانناوە، تا رەنگ و شێوە بگۆڕن و بیفرۆشن.
وەک باسى دەکات، ئاسایش دوو گەنجەکەى رادەستى پۆلیس کردووە، دەرکەوتووە کە لە گوندێکى دەرەوەى کەلار گەنجەکەیان کوشتووە، بۆیە شەوى رابردوو تیمەکانى ئاسایش و پۆلیس دەرچوون بۆ شوێنەکە، بەڵام وەک ئەوەى عەلى جەمال قدورى دەیلێێت،”گەنجەکان ئەوەندە بە ناشیرینى ئەو هاورێیەیان کوشتووە، تەنانەت نەیاندەزانى شوێنەکەشى دەستنیشان بکەن، تا ئەم بەرە بەیانییە تەرمەکەى دۆزرایەوە کە شوێنەوارى گولـلەى پێوە بوو”.
ئاماژەى بەوەشکرد، دواى دۆزینەوەى تەرمەکەى، ئەمڕۆ لە کەلار تەرمى گەنجەکە سپاردەى خاک کرا و لێکۆڵینەوەش لە دوو گەنجەکە بەردەوامە و بەپێى مادەى 406 بەند راگیراون.