لاڤرۆڤ دێتە بەغدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بڕیارە ئەم هەفتەیە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسان کۆببێتەوە.

میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویانکردووەتە، بڕیارە لاڤرۆڤ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و رێککەوتنە ئابووری و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ بکەن.

هێشتا دیار نییە سەردانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات یان نا.

لاڤرۆڤ سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی روسیا دەکات و نوێنەری کۆمپانیا روسییەکان یاوەری دەکەن، بە ئامانجی واژۆکردنی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان و کێشە ئابوورییەکان، وەک کەرتی نەوت و گاز و وزە.

هەروەها گفتوگۆکان لەبارەی ئاسایش و ئەگەری رێککەوتنی نوێی چاکسازی لە نێوان بەغدا و مۆسکۆ لە رۆژەڤدایە.

جگە لەوەش لاڤرۆڤ باس لە بابەتی خوێندکارە عێراقییەکان دەکات کە لە روسیا دەخوێنن.

تا ئێستا روسیا بە بڕی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی نەوت و غازی عێراقدا کردووە، بە وتەی ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆکوەزیرانی روسیا.