سەنتەرێک بەخۆڕایی پشکنینتان بۆ دەکات
هاوڵاتیانی کەرکوک چیتر پێویست ناكات بە 100 دۆلار پشكنینی هەستیاری بکەن
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
سەنتەری پسپۆڕی هەستیاری حكومی لە كەركوك داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بەمەبەستی پشكنینن سەردانیان بكەن و بۆ لەمەودوا پیوێست ناكات لە كلینیكەكانی بازاڕ بە 100 دۆلار ئەو پشكنینە ئەنجام بدەن.
ماوەی چەند مانگێكە سەنتەرێكی پسپۆڕی هەستیاری حكومی سەر بە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە ناو بینای سەلامی پزیشكی كراوەتەوە كە تایبەتە بە پشكنینی هەستیاری و دوای پشکنین بۆ هاوڵاتیان، ڤاكسینێكی تایبەتیشیان پێ دەدرێت بە خۆڕایی.
گوڵاڵە محەمەد ئەمین بەرپرسی سەنتەری هەستیاری بە 964ـی وت، “لە سەنتەرەكەمان پشكنینی هەستیاری ئەو كەسانە دەكەین كە هەستیاریان هەیە بە كەڕو و دار و دوكەڵ و خۆڵ و بۆن، بەو شێوەیە پشکنینیان بۆ دەكەین کە چەند شوێنێك دەستنیشان دەكەین و دەرمانی لێدەدەین، دوای زیاتر لە 15 خولەك ئەو شوێنە رەنگی سوور دەبێت و ئەبێتە گرێ، بەوەش دەردەكەوێت کەسەکە بە چی هەستیاری هەیە”.
وتیشی، پاشان هەفتانە ڤاكسینێكی تایبەت دەدین بە نەخۆشەکە، تاكو دەبێتە مانگانە و بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ، دواتر جارێكی دیكە پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی بزانین كۆتایی پێهاتووە یان نا”.
“ئەو ڤاكسینەی دەدرێت بە هاوڵاتیان، وەزارەتی تەندروستی عیراق لە وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیكڕێت و بەخۆڕایی دابەشی دەكات”، گوڵاڵە محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە كلینیكەكانی بازار ئەو پشكنینە لە رێگەی خوێن دەكرێت بە نرخی 100 دۆلار، بەڵام لای ئەوان بەخۆڕاییە، بەقسەی گوڵاڵە محەمەد، پشکنینی سەنتەرەكەی ئەوان باشترە بەو پێیەی پشكنینەكە لەسەر پێست دەكرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری