بە سنورداری کرابوویەوە

دەروازەی قائیم بەڕووی گەشتیاری و بازرگانی داخرایەوە

ئەحمەد مستەفا

عێراق تائێستا بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ تاکە دەروازەکەی لەگەڵ سوریا دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی بە شێوەیەکی سنووردار دەروازەی نێودەوڵەتیی قائیم کرابوویەوە، جارێکی دیکە دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی داخرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 28.12.2024، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ماوەی دوو رۆژە دەروازەی سنوری قائیم داخراوە و رێگا بە هیچ هاوڵاتییەک نادرێت تێپەڕێت.

دەروازەی نێودەوڵەتیی قائیم تاکە دەروازەی سنوری نێوان عێراق و سوریایە، لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی سنوردار بەڕووی هاتوچۆی بازرگانی و هاتوچۆی هاوڵاتییان کرابوویەوە.

بەڵام، وا دوو رۆژە دەروازەکە داخراوە و  میدیاکان دەڵێن، ئەو ئۆتۆمبێل و هاوڵاتییانەی رێگایان پێدراوە تێپەڕبن بە بڕیاری دەسەڵاتێکی باڵای ئەمنی بووە.