لە سبەینێوە دەستپێدەکات
بەفر و باران دەبارێت
964+
وریا فەتاح
بەپێى پێشبینییەکان لە سبەینێوە شەپۆلێکى باران بارین ناوچە جیاوازەکانى کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
لە گۆیژە و ئەزمڕیش بەفر دەبارێت
سیروان ساڵح، پێشبینیکارى کەشوهەوا بڵاوى کردەوە، بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لە رۆژی هەینییەوە بەزۆریش ئێوارە و سبەى شەو و هەندێك کاتی بەیانی شەممە، بەبڕی جیاواز و ناوبەناو ئەگەری بارانبارین هەیە لە سەرجەم ناوچەکان.
دەشڵێت، لەبەشێکی دەشتەکانی باشووری گەرمیان شەپۆلەکە لاواز دەبێت.
روونیشى کردووەتەوە، لەکۆتایی شەپۆلەکەدا واتە رۆژی شەممه بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی سیبری لە زنجیرە چیاکان ئەگەری بەفربارین هەیە، تاوەکو بەرزایی 1500 مەتر لەئاستی دەریا، ئەگەرهەیە بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەفربارینی کەم و کورتخایەن سەرەوەی زنجیرەچیاکانی ئەزمەڕو گۆیژە و بەمۆ و زەردەو سەگرمە بگرێتەوەو بەم هۆیەوە پلەکانی گەرمی داببەزن.
پێشبینیشى کردووە، ئێوارەى شەممە کۆتایى بە شەپۆلەکە بێت.
بەپێى پێشبینى ئەو پێشبینیکارەى کەشناسى، لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕین، 8 بۆ 20 ملیمەتر باران ببارێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش 1 تا 6 سانتیمەتر بەفر ببارێت.
هەرچى سەبارەت بە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سۆران و زاخۆشە، پێشبینى کردووە 20 بۆ 30 ملیمەتر باران ببارێت و لە شاخەکانى ئەو سنوورەش 5 بۆ 15 سانتیمەتر بەفر ببارێت.
بڕى باران لە هەولێریش 5 بۆ 8 ملیم دەبێت و لە ناوچەکانى ناوەڕاستى گەرمیانیش 8 بۆ 15 ملیمەتر و لە باشوورى گەرمیان 2 بۆ 3 ملیمەتر.