"دوورینەوەی ئازار" لە هەولێر نمایش كرا
رۆژە حەسەن: زۆر گرنگ بوو خەڵكی ئاسایی نمایشەكەمان ببینن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر شانۆیی دوورینەوەی ئازار لە ناو بازاڕ و لە بەردەم قەڵا نمایش كرا، دەرهێنەری دەقەكەش دەڵێت، بۆ ئەوان گرنگ بوو خەڵكی ئاسایی كارەكە ببینن و پێشوازییەكی گەورەیان لێكرد.
دوورینەوەی ئازار، كارێكی شانۆیی مۆنۆدراما بوو، كە هونەرمەند سەرگوڵ حوسێن ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.12.2024 لە بەردەم قەڵای هەولێر و لە فەزایەكی كراوەدا پێشكەشی كرد.
نمایشەكە نزیكەی 20 خولەكە و باس لە ئازار و مەینەتییەكانی ژن دەكات و بینەرێكی زۆر ئامادەی بوون.
رۆژە حەسەن دەرهێنەری كارە شانۆییەكە بە 964ی وت، بۆ ئێمە گرنگ بوو لە تەك بینەری تایبەتی شانۆ، خەڵكی ئاسایی و ئەوانەی بە شوێنی شانۆییەكەدا هاتوچۆ دەكەن، بوەستن و بینەری بن، چونكە لەو رێگەیەوە دەتوانین پەیامەكەمان باشتر بگەیەنین.
“دوورینەوەی ئازار پشتی بەستبوو بە كۆمەڵێك چیرۆك، كە رۆژانە لە ژیانی رۆژانەماندا روودەدەن و دەقێكی شانۆییمان لێ دروست كرد”، رۆژە حەسەن وای وت.
هەروەها دەڵێت، “جێی خۆشحاڵیمان بوو لە هەولێر پێشوازییەكی گەورە لە كارەكەمان كرا و جێی رەزامەندی بوو، كە لە بەردەم قەڵا پێشكەشمان كرد”.
شانۆییەكە لە نووسینی هاوبەشی رۆژە حەسەن و كاروان سۆفییە، هونەر حەسەنیش بەڕێوەبەری بەرهەمەكە بوو، كە كارێكی رێكخراوی خەڵكە بۆ گەشەپێدان، بە هاوكاری ئەنجومەنی باڵای خانمان پێشكەش كرا.
نمایشی شانۆییەكە لە هەولێر، دوای ئەوە دێت پێشتر لە سلێمانی و هەڵەبجەش نمایش كرا.