"ئەدەبیاتی دژەدەسەڵات"

“پاییزی زەعیم” لە هەولێر پێشوازییەكی گەورەی لێكرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

نوێترین بەرهەمی شیعریی شاعیر و نووسەر تەڵعەت تاهیر لە هەولێر بڵاوكرایەوە و پێشوازییەكی گەورەی لێكرا، بەرهەمەكە ناوی “پاییزی زەعیم”ـە، خانەی بڵاوكردنەوەی “فام”یش ئاشكرای كرد، پێشوازییەكی گەورە لە بەرهەمەكە كراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.11.2024، لە كتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر، كۆڕی بڵاوكردنەوە و واژۆكردنی كتێبیی شیعری پاییزی زەعیم بەڕێوەچوو، كە بەرهەمی نوێی شاعیر و نووسەری ناودار تەڵعەت تاهیرە.

ژمارەیەكی زۆری خوێنەران و گەنجان لە كۆڕەكە ئامادەبوون، 964یش لەوێ بوو.

تەڵعەت تاهیر بە كورتی لە بارەی بەرهەمە نوێیەكەی ئاماژەی بەوەدا، تێكست و شیعرەكانی ناو كتێبە نوێیەكەی، لە چوارچێوەی ئەدەبی دژەدەسەڵاتە، كە مێژووییەكی دێرینی هەیە و نموونەی بە دەیان نووسەر و شاعیر و بەرهەمی ئەدەبیی دنیا هێنایەوە، كە تێكست و شاكاری ئەدەبییان لەوبارەوە نووسیوە.

سەنگەر زراری، بەڕێوەبەر خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی فام، كە كتێبەكەی چاپ و بڵاوكردووەتەوە، بە 964ی راگەیاند، بەرهەمەكە پێشوازییەكی گەورەی لێكراوە، هەم لە هەولێر و هەم لە سلێمانییش، بە تایبەتی لە كاتی پێشانگەی كتێبی ئەمدواییەدا.

وتیشی، بەرهەمەكانی تەڵعەت تاهیر زۆر جیاوازن و بە قووڵی و خێرایی چوونەتە ناو خەڵك و خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

دوای كۆڕەكە و خوێندنەوەی چەند تێكستێك، دواتر تەڵعەت تاهیر واژۆی لەسەر كتێبەكەی بۆ كڕیاران و هەوادارانی خۆی كرد و تا درەنگانی ئێوارەش بەردەوام بوو.

پاییزی زەعیم حەوتەم بەرهەمی چاپكراوی شاعیرە و بۆ یەكەمجار كۆتایی مانگی رابردوو لە پێشانگەی كتێبی سلێمانی بڵاوكرایەوە.

تەلعەت تاهیر نوێترین کتێبی خۆی بڵاوکردەوە

تەلعەت تاهیر نوێترین کتێبی خۆی بڵاوکردەوە