کارەکانی فراوانکردنی رێگاکان بەرەو کۆتایین
ئیتر دەتوانن چوارڕیانەکانی گەڕەکەکانی رزگاری و راپەڕینی رانیە بەکار بهێنن
964+
ژێوار خدر
هەردوو ترافیکی چوارڕیانەکانی گەڕەکەکانی رزگاری و راپەڕین کرانەوە و ئیتر شۆفێرانی رانیە دەتوانن هەر دوو رێگەکە بێ کێشە بەکار بهێنن.
پێشتر هەر دوو رێگەکە بەهۆی کارکردن لە فراوانکردنی چوارڕیانەکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ داخرابوون.
حسێن عەبدوڵا، ئەندامی جێبەجێکار لە پڕۆژەی فراوانکردنی چوارڕیانەکان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، پڕۆژەکە ماوەی دوو مانگە دەستی پێکردووە و پێک هاتووە لە فراوانکردنی هەردوو چوارڕیانی شەقامی رزگاری و راپەڕینی سەنتەری قەزای رانیە.
وتیشی، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێدەکرێت، بودجەی تەرخانکراو بۆی 320 ملیۆن دینارە و تا ئێستا 64 ملیۆن دینار وەرگیراوە، پێشتر کەموکوڕی لە دەرخستەکەدا هەبوو و ئاماژە بە ترافیک و کارەبای پڕۆژەکە نەدرابوو، بۆیە دەستکاری دەرخستەکەمان کرد.
روونیشیکردەوە، ئێستا کارەکانی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بوون و شەقامەکان فراوان کراون و ستوونەکانی کارەبا و ترافیکەکان گوازراونەتەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا کێربستۆن دادەنرێت و شەقامەکە قیر دەکرێت، جەگە لە رووناکردنەوەی شەقامەکان لەلایەن هاتوچۆوە هێڵکاری بۆ شەقامەکان دەکرێت و هێماکانی هاتوچۆش جێگیر دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، راستەوخۆ لەدوای تەواوببونی پشووەکانی سەر ساڵ و لە ساڵی نوێدا، دەستدەکرێت بە کار کردن لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە و بەزووترین کات تەواو دەکرێت و ئیتر هاتوچۆش لە هەردوو رێگەکەدا ئاسایی دەبێتەوە و ریگەکان بە تەواوی کراونەتەوە.
ترافیکلایتی راپەڕین دەکەوێتە دەروازەی رانیە و راستەوخۆ رێگەکە دەچێتەوە ناو بازاڕی رانیە، هەرچی ترافیکلایتی سەیداوایە دەکەوێتە سەر رێگەی دارستانی کێوەڕەش و رێگەی قەڵادزێ.