لە نۆ مانگدا 425 هەزار تۆن کاڵا هاوردە کراوە
مەرزی كێلێ: “هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ داهاتمان زۆر نەبووە”
964+
شۆڕش قادری
لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 425 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزی کێلێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە و بەڕێوەبەری گومرگی مەرزەکەش دەڵێت، “هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ داهاتمان زۆر نەبووە”.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری ئەمین غوڵام نەژاد بەڕێوەبەرگی گومرگی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2024 تا 21.12.2024، 425 هەزار تۆن کاڵا بەبەهای 141 ملیۆن دۆلار لە مەرزی کێلێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە”.
“زۆربەی ئەو کاڵایانەی هەناردە کراون، سەوزە و میوەی وشککراو و کەرەستەی بیناسازی بوون”، ئەمین غوڵام نەژاد وای وتووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لەو ماوەیەدا 139 هەزار و 934 گەشتیار لە مەرزی کێلێوە هاتوچۆیان کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو ئامارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
عەباس محەمەد بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ ئەم داتا و ئامارەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “ئامارەکان دەقیق و وردن و ئێمەش ئەمساڵ داهاتمان زۆر زیادی کردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی رێگای مەرزی کێلێ و وەستانی پڕۆژەکە بۆ چەند جارێک و گرفتی هاتوچۆ لەو رێگایەدا، بەڵام هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ داهاتیان زۆر نەبووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، “ئەگەر بەفر و بارانی زۆر ببارێت، رێگاکە کە ئێستا بە درێژی 11 کیلۆمەتر رێگای خۆڵ بەکاردەهێنین، داهاتمان دەبێتەوە بە سفر”.
مەرزى کیلێ دەکەوێتە سنوورى پشدەر و لە دیوى ئێرانیشەوە سەر بە سەردەشتە، مەرزێکى لاوەکى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێرانە.