لە ساڵی نوێدا قۆناغی سێیەمی دەستپێدەکات

گۆڕەپانی راپەڕین بەرەو تەواوبوونە

964+

ژێوار خدر

پڕۆژەی گۆڕەپانی راپەڕین، بەرەو تەواوبوونە و بڕیارە لە ساڵی تازەدا کارەکانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە دەستپێبکات، سەرۆکی شارەوانيی رانیەش دەڵێت، چەند کارێکی کەمی ماوە.

بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانی رانیە بە 964ـی وت، ماوەی هەشت مانگە دەستکراوە بە دروستکردنی پڕۆژەی گۆڕەپانی رانیە و ئێستا قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە کۆتایی هاتووە و بەشێوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی رانیەوە جێبەجێ دەکرێت.

وتیشی، قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە پێکهاتووە لە سەوزکردنی پارکەکە، دانانی کورسی، رووناکی و سیستیمی ئاودان، تا تەواوبوونی قۆناغی دووەم پڕۆژەکە بڕی 82 ملیۆن دیناری بۆ سەرف کراوە

روونیشیکردەوە، ئامانج لە دروستکردنی گۆڕەپانەکە لەم شوێنە، بۆ پشوودان و توندووتۆڵكردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی کۆمەڵگەیە، چ لە شێوەی میوانداریی فێستیڤاڵە کولتوورییەکان بێت یان نمایشی راستەوخۆ یان بۆ دانیشتن و چێژوەرگرتن لە دەوروبەرەکە.

گۆڕەپانی راپەڕین، دەکەوێتە تەنیشت باخی گشتی رانیە، دیزاینەکەی شێوەیەکی نموونەیی و سەردەمییانەی هەیە، لە شوێنی قوتابخانەی رانیە دروستکراوەتەوە.

گۆڕەپانەکە پێکدێت لە:

*گۆڕەپان

*دیوارێكی هونەریی گەورە بۆ دەرخستنی كولتووری شار و ناوچەكە بە شێوەی بارز.

*سەوزایی بە شێوەی تەپۆلكەی مۆدێرن.

*پیادەڕۆی كۆنكرێتی جوڵە ئاسان.

*ئاڵایەكی بەرزی كوردستان، كە لە هەموو ئاراستەكانی شارەوە دەربكەوێ وەك ئاماژە بۆ دەرخستنی ناوەندی شار.

گۆڕەپانی راپەڕین لە رانیە دروستدەکرێت

گۆڕەپانی راپەڕین لە رانیە دروستدەکرێت