بە ئەلیکترۆنى
دواى نزیکەى پێنج مانگ؛ پاسپۆرتى راپەڕین دەستى بە کارکردن کردەوە
964+
محەمەد عەلى- راپەڕین
دواى نزیکەى پێنج مانگ لە وەستانى کارەکانى، ئەمڕۆ نوسینگەى پاسپۆرتى راپەڕین دەستى بە کارکردن کردەوە و بەشێوازی سیستەمی نوێی، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە هاوڵاتیان دەدات.
دواین مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت لە نوسینگەکە 3.8.2024 بووە، لەو رۆژەوە مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت تا ئەمڕۆ 24.12.2024، راگیرابوو.
عەقید ئاودێر عەزیز، لێپرسراوى نوسینگەى پاسپۆرتى راپەڕین بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ دەستمان بە کارکردەوە، هاوڵاتیان پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى لە نوسینگەکەمان وەردەگرن و کێشەکەمان چارەسەر بووە”.
وەک باسى دەکات، ئەمڕۆ بە هەڕەمەکى و وەک شێوازێکى ئەزمونى کارەکان دەکەن و دەرهێنانى هەر پاسپۆرتێکى ئەلیکترۆنى پێویستى بە 40 خولەکە و هاوڵاتى هەر لەو رۆژەدا پاسپۆرتەکە وەردەگرێتەوە.
وەک باسى دەکات، لە ئێستادا رۆژانە دەتوانن 50 پاسپۆرت بدەینەوە بە هاوڵاتیان، بەڵام بۆ قۆناغى داهاتوو دەیانەوێت 200 بۆ 250 مامەڵەى پاسپۆرت رایى بکەن.
ئاودێر عەزیز:
تا مانگى ئاب چوار هەزار و 800 کەس نۆرەى دەرهێنانى پاسپۆرتى گرتبوو، ئەگەر کارەکان نەوەستابان دەبوو کارەکانى هەموویانمان تەواو بکردایە، بەڵام ئێستا ژمارەیەکى دروست نییە کە چەند کەس سەرەى گرتووە، چونکە بەشێکیان لە سلێمانى پاسپۆرتیان دەرهێناوە.
دەشڵێت: لە رۆژانى داهاتوودا بە شێوازى ئەلیکترۆنى هاوڵاتیان دەتوانن نۆرە بگرن و لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکەوە وەڵامیان دەدرێتەوە و رۆژ و کاتى سەردانیان بۆ دیارى دەکرێت.
نوسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین، یەکێکە لەو پێنج نوسینگەیەى پاسپۆرت کە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەیە.
لاى خۆیەوە، سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی وت،” بەپێی بڕیارە نوێکەی بەغدا، لەمەودوا لە هەر شارێک و لە هەر شوێنێکبیت دەتوانی پاسپۆرت نوێبکەیتەوە و مەرج نییە بەپێی کارتی زانیاریبێت”، بەڵام ئاودێر عەزیز لەسەر ئەوە وتى،”تائێستا ئەو رێنماییەمان پێ نەگەیشتووە، ئەگەر کارتى زانیارى لاببەن ئەوانیش پابەند دەبن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح