لیژنەی دارایی زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

شێوازی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان چی بەسەردێت؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی هەناردەی نەوتی هەرێم زانیاریی نوێ باس دەكات و دەڵێت، لەیەكگەیشتن و رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، گۆڕانكاری لە شێوازی گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان بكرێت و لە هاوبەشی بەرهەمهێنان بگۆڕێت بۆ هاوبەشی لە قازانج.

عەتوان ئەلعەتوانی ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024 بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە، ئەو سەردانانەی شاندی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەولێر ئەنجامیان دا، ئامانج لێی گەیشتن بە ئەنجامێکی باش و لێکتێگەیشتنی قبوڵکراو بوو بۆ بەغدا و هەولێر، سەبارەت بە داهاتی نەوت و نانەوتی، هەروەها وەک گونجاندنی ئەو گرێبە ستانەی کە هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامیان داوە.

روونیشی کردووەتەوە، “لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێک دێت بۆ دانانی بنەمایەکی گونجاو بۆ یەکخستنەوە یان گەیشتن بە قەناعەت سەبارەت بە نرخی نەوت، بۆ ئەوەی هەرێم دەست بە دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکاتەوە، چونكە دەبێت میکانیزمێکی دیاریکراو بێت”. سەرۆكی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەوەی پێی گەیشتوون، رێککەوتنێکی سەرەتاییە لەسەر ئەگەری گونجاندنی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم، بەپێی ئەو دیدگایەی کە لەگەڵ دەستووردا یەکدەگرنەوە، بە جۆرێك شێوازی گرێبەستەکان لەگەڵ كۆمپانیاكان لە هاوبەشی لە بەرهەمهێناندا بگۆڕدرێت بۆ بەشداریکردن لە قازانجدا.

لە ئاداری 2023یەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا وەستاوە و بە گوێرەی لێدوانی پێشووی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئەو راگرتنەی هەناردەی نەوت، زیانی ملیۆنان دۆلاری لە ئابووری هەرێم و عێراق بە گشتی داوە.

"دەیانەوێت كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن"