بەهۆی بێ پارەییەوە

ماوەی هەشت رۆژە چێشتخانەکەی نەخۆشخانەی خانەقین داخراوە

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

هەشت رۆژ دەبێت بەهۆی بێ پارەییەوە چێشتخانەی ناو نەخۆشخانەی خانەقین داخراوە و نازانرێت کەی دەکرێتەوە.

دکتۆر شوان شاکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی وت، ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024، هەشت رۆژە چێشتخانەی نەخۆشخانەکەمان داخراوە و هیچ ژەمەخواردنێک بۆ کارمەندان و نەخۆشەکان دابین ناکات.

وتیشی، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەهۆی نەهاتنی بودجە لە بەغداوە سەرجەم نەخۆشخانەکانی دیالە هەمان رێکاریان گرتووەتەبەر، چونکە کێشەکە لە دیالە گشتییە.

نەخۆشخانەی خانەقین رۆژانە خواردنی بۆ نزیکەی 190 کەس دابین دەکرد، کە پێکهاتبوو لە دوو ژەم بۆ کارمەندان و سێ ژەم بۆ نەخۆشەکان، ئێستاش چێشتخانەکە نزیکەی 90 ملیۆن دینار قەرزاری دوکانەکانی ناو بازاڕە، بە تایبەت فرۆشیارەکانی سەوزە و میوە، گۆشتفرۆش و مریشکفرۆشەکان.

نەخۆشخانەکە ئێستا هیچ پێداویستییەکی خۆراکی تێدا نەماوە، کامێرای 964 لە ناو چێشتخانەکە ئامادەبوو لە تەباخێکی کوژاوە و سەلاجەیەکی کوژێندراوە و فریزێکی خاڵی، زیاتر هیچ خواردنێکی تێدا بەدی ناکرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

نەخۆشخانەی خانەقین خۆی دەردەدارە و لە چارە دەگەڕێت

نەخۆشخانەی خانەقین خۆی دەردەدارە و لە چارە دەگەڕێت