شوباتی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی دەبینن

“قۆناغی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی بە سەركەوتوویی كۆتایی هات”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، قۆناغی سێیەم و مەیدانیی سەرژمێریی دانیشتووان بە سەركەوتوویی كۆتایی، كە 20 رۆژی خایاند و ئاشكراشیان كرد، لە شوباتی داهاتوو ئەنجامە سەرەكییەكانی سەرژمێرییەكە رادەگەیەندرێت.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 15.12.2024 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، سەرجەم كارەكانی سەرژمێری سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە و بە شێوەی ئەلیكترۆنی كراوە.
هەروەها دەڵێن، هەر لە قۆناغی ژمارەدانان و گەمارۆكردن، كە لە ناوەڕاستی ئەیلولی رابردوو دەستیپێكرد، هەروەها قۆناغی دوەمی ژماردنی دانیشتووان لە 20 تا 22ی ئۆكتبەر و قۆناغی سێیەمیش كە كۆكردنەوەی داتا و زانیارییە وردەكان بوو سەبارەت بە دانیشتووان، كە 20 رۆژی خایاند، كارەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوون.

“سەرژمێرییەكە هەموو شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووە، لەگەڵ ناوچە دوورەدەست و دەوارنشینەكان و هەروەها دامەزراوەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە”، وەزارەتی پلاندانانی عێراق وای وتووە.

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، سەرژمێرییەكە جێی رەزامەندی و پەسندكردنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، كە شایەتیان بۆ ئاستی پیشەیی و پێوەرە جیهانییەكان لە پرۆسەكەدا داوە، كە بۆ یەكەمجار بوو بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبچێت.

ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە دوای 1997 لە عێراق و 1987 لە هەرێمی كوردستان، سەرژمێریی گشتیی بەڕێوەچوو، بڕیاریشە لە مانگی شوباتی داهاتوو ئەنجامە سەرەكییەكانی سەرژمێرییەكە رابگەیەندرێت، هەروەها وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی كردووە.

بە گوێرەی ئەوەی دوای ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە بڵاوكرایەوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە بیانی و پەنابەرانەوە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 890 کەسە، هەروەها دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیش جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان، شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.

سبەی پڕۆسەی سەرژمێری کۆتایی دێت

سبەی پڕۆسەی سەرژمێری کۆتایی دێت