“بۆبی” بووە بەتەمەنترین سەگ لە مێژوودا
+964
فەرهاد حەسەن
كتێبی جینیس بۆ ژمارە پێوانەییەكان، سەگێكی پورتوگالی بەناوی “بۆبی” وەك بە تەمەنترین سەگی جیهان لە لاپەڕەكانیدا تۆماركرد، ئەمەش بووە هۆی شكاندنی ئەو پێوانەیەی كە ماوەی سەدەیەكە بەتەمەنترین سەگ لەناو لاپەڕەكانی ئەو كتێبەدا تۆماركرابوو.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری بی بی سی، بۆبی بەتەمەنی 30 ساڵییەوە چووە ناو كتێبی جینیس و وەك بەتەمەنترین سەگی جیهان تۆمار كرا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كە پێشتر سەگێكی ئوستڕالی بەناوی “بلووی” بەتەمەنی 29 ساڵ و پێنج مانگ، تۆمار كرابوو .
بەڵام زانیارییەكانی ماڵپەری كتێبی جینیس ئاماژە بەوە دەكەن “بۆبی” لە رۆژی 11ـی تەمموزی 1992 لەدایكبووە، بەمەش دەبێتە بە تەمەنترین سەگ بەدرێژایی مێژوو.
دەشڵێت: تاكو رۆژی 1ـی شوباتی 2023 تەمەنی “بۆبی” بووەتە 30 ساڵ و 266 رۆژ.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەگە لەگەڵ خێزانێكی پورتوگالی بەناوی كۆستا لە گوندی كونكویروسی پارێزگای لیریا ژیاوە و نەژادی ئەو سەگە بۆ خێزانی رافیرودۆ ئەلینتیگۆ دەگەڕێتەوە، كە سەگی ئەو جۆرە نەژادە تایبەتمەندن بە سەگی پاسەوانی و تا ئێستا تەمەنیان لەنێوان 12 تا 14 ساڵ بووە و لەدوای ئەو تەمەنەش نەماون.
پێشتر كتێبی جینیس، لەماوەی ساڵانی 1910 تاكو 1939، ژمارە پێوانەیی بۆ بەتەمەنترین سەگ دابووە ئەو سەگە ئوستڕالیەی، كە ناوی “بلووی” بوو و بە تەمەنی 30 ساڵ و پێنج مانگ تۆماری كردبوو.
لیونیل كوستا، تەمەن 38 ساڵ، كە خاونی ئەو سەگەیە بە ماڵپەری جینیسی وتووە “من لەتەمەنی هەشت ساڵی خۆمەوە، ئەو سەگەم بەخێو كردووە كە ئەوكات باوكم كاری راوچێتی دەكرد”.
لەبارەی هۆكارەكانی تەمەندرێژبوونی ئەو سەگەش، وتی “هۆكارەكەی ئەوەیە كە لە ژیانێكی هێمن و دوور لە ئاوەدانییەكانی شارەكاندا ژیاوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دایكی بۆبی تا تەمەنی 18 ساڵی ژیا و سەگێكی تریشیان هەبووە تەمەنی گەیشتە 22 ساڵ، بەڵام بۆبی لەهەموویان بەتەمەنتر بووە.