لە دوزخورماتوو
پزیشکێک چەقۆی کرد بە گورچیلەی هاوڵاتییەکدا.. شەڕیان بووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شەوی رابروو لە دوزخورماتوو، هاوڵاتییەک چووەتە نەخۆشخانەی گشتی ئەوەش بە مەبەستی چارەسەر لە بەشی تیشک، لەگەڵ یەکێک لە پزیشکەکانی ناو نەخۆشخانەکە دەبێتە دەمەقاڵەیان و شەڕ لەنێوانیان روودەدات.
شەڕەکە بۆ وەشاندنی چەقۆ درێژە دەکێشێ، پزیشکەکە چەقۆیەک دەکات بە گورچیلەی هاوڵاتییەکەدا و خۆشی بۆی دەردەچێت، هەر ئەوەندا نا پۆلیس دەڵی ئەمانەش کێشەی کۆن لەنێوانیاندا هەبووە.
ئەمڕۆ هەینی 13.12.2024، محەمەد جومعە، بەڕێوەبەری نەحۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، درەنگانی ئەمشەو هاوڵاتییەک سەردانی بەشی تیشکی نەخۆشخانەکەیانی کردووە و لەگەڵ پزیشکی بەشەکەدا بووەتە دەمەقەڵەیان و پاشان بووەتە شەڕ، چەقۆیان لە یەکتر راکێشاوە و لە ئەنجامدا پزیشکەکە چەقۆیەکی داوە لە هاوڵاتیەکە و برینداری کردووه.
بە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دوزخورماتوو، دواتر پزیشکەکە هەڵاتووە و پۆلیسی قەزاکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، ئێستا هاوڵاتییەکە لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێ و پزیشکەکەش کەس نازانێ لە کوێیە.
پزیشک و هاوڵاتییەکە هەردووکیان لەنەتەوەی کوردن، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، پاش لێکوڵینەوەکانیان دەرکەوتووە کە پزیشک و هاوڵاتییەکە کێشەی کۆن لە نێوانیاندا هەبووە و ئەمشەو کە هاوڵاتییەکە سەردانی بەشی تیشکی کردووە لەگەڵ پزیشکەکەدا کێشەکەیان دووبارە سەریهەڵداوەتەوە.
بەڕێوەبەرەکەی پۆلیسی دوزخوماتوو وتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەری ئیشکگر بۆ پزیشکەکە دەرچووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا