بەرمیلەکانتان ببەنە دەروازەی شار
هاوڵاتیانی پێنجوێن ئەوانەی نەوتتان وەرنەگرتووە؛ سبەی خەنی دەبن
964+
شۆڕش قادری
هاوڵاتیانی پێنجوێن ئەوانەی نەوتتان وەرنەگرتووە، هەر ئەمشەو بەرمیلەکانتان ببەنە دەروازەی شار و سبەی بەشە نەوتەکەتان وەربگرن.
هاوکار عومەر ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی پێنجوێن بە 964ـی وت، “سبەینێ سێشەممە 10.12.2024 تانکەرێکی پڕ لە نەوت دەگاتە پێنجوێن و نەوت بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەکەین، کە بەشە نەوتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە”.
“نەوتەکە بۆ نزیکەی 100 ماڵە کە پێشتر لەکاتی دابەشکردنی نەوت، لەماڵ نەبوون یاخود کارتەکانیان کێشەیان هەبووە”، هاوکار عومەر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاوڵاتیانی پێنجوێن بەرمیلەکانیان ببەنە دەروازەی شار لای عیادەی شیفا و کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی سبەینێ بەشە نەوتەکەیان وەردەگرن.
بە قسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە کۆی 230 ملیۆن و 164 هەزار و 276 لیتر نەوتی سپی دابینکراو بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕی 199 ملیۆن و 67 هەزار لیتر نەوتی سپی کە دەکاتە 74٪ـی نەوتی سپی دابینکراو، دابەش کراوە.