پیشەوەرانی کۆیە

18 ساڵە بە دەست بە قوڕ و چڵپاوی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازییەوە دەناڵێنن

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

وا بۆ 18 ساڵ دەچێت پیشەوەرەکانی کۆیە دەناڵێنن بە دەست قوڕ و چڵپاوی زستانان و تەپوتۆزی هاوینان لە شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازی، شارەوانیی کۆیەش دەڵێت نەبوونی سیولە لە بانکەکانی حکومەت و گواستنەوەی ناوچەی پیشەسازی بۆ شوێنێکی دیکە، هۆکاری  ئەنجامنەدانی قیرتاوەکەیە.

محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە، بە 964ی وت، چەندین جار بۆ ئەو بابەتە و چەندین کێشەی خزمەتگوزاری تر سەردانی هەولێرمان کردووە و داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو شەقامانەی ناوچەی پیشەسازی خەرج بکرێت بەڵام بە هۆکاری نەبوونی سیولە لە بانکەکاندا رەفز دەکرێتەوە و قبوڵ ناکرێت.

وتیشی، “هۆکارێکی تر کە پرۆژەکە ئەنجامنادرێت، گواستنەوەی ناوچەی پیشەسازییە بۆ شوێنێکی ديكە، بەڵام هەرکات بودجەی پڕۆژەی قیرتاوکردنەکە جێبەجێ بکرێت، ئێمە ئەنجامی دەدەین و چاوەڕێی گواستنەوەکەی ناکەین”.

سەرۆکی شارەوانیی كۆیە ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێمە هەرجارێک پێویست بێ لەسەر بودجەی شارەوانی، تێکەڵەڕێژی شەقامەکان دەکەین و بە کاتی چارەسەری کێشەکە دەکەین”.

ناوچەی پیشەسازی لە کۆیە کە پێشی دەوترێت (سناعە)، دەکەوێتە سەرەتای شەقامی ئیسکان، ساڵی 2006 دامەزراوە و تا ئێستا ژمارەی دوکانەکان لەو ناوچەیەدا نزیک دەبێتەوە لە 1000 دوکان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات