پێتان دەڵێین چۆن

زیندانەکان شایەدن بەسەر دڕندەیى رژێمەکەى ئەسەدەوە

964+

وریا فەتاح

دەوترێت گەورەترین شایەد بەسەر دڕەندەیى رژێمى ئەسەد زیندانەکانن، ئامارەکانیش دەرى دەخەن هەزاران کەس لەو زیندانانەدا رووبەڕووى ئەشکەنجە و ئازار و کوشتن بوونەتەوە، سەرەڕاى کەوتنى رژێمیش، بەڵام هێشتا دەیان ژوورى نهێنى پڕ لە زیندانیى ماون کە نەدۆزراونەتەوە و هەواڵى کەوتنى ئەسەدیان پێنەگەیشتووە و نازانن لە دەرەوە چى باسە.

بەرگرى شارستانى سوریا بڵاوى کردووەتەوە، پێنج تیمى تایبەتى بەرگرى شارستانى کە بە کڵاو سپییەکان ناسراون، بەدواى بوونى دەرگاى نهێنى و دەرچەدا دەگەڕێن، بۆ گەیشتن بەو زیندانیانەى تائێستا هەواڵى ئازادیان پێنەگەیشتووە.

“ئێمە بە هەموو وزەى خۆمانەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە هیواى نوێ و دەبێت ئامادەکاری بۆ خراپترین حاڵەتەکان بکەین لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامین لە کارکردن و گەڕان لە هەموو شوێنێکی ناو زیندانەکەدا”، بەرگرى شارستانى سوریا وا دەڵێت.

بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆى ناو زیندانى سیدنایا، ژمارەیەکى زۆر دەستگیرکراو پیشان دەدات کە لە ژوورەکانیاندا دانیشتوون و دەجوڵێن، وەک ئەوەى نەزانن لە دەرەوە چى باسە، پێدەچێت ئەم زیندانیانە هیچ بیرۆکەیەکیان لەبارەی رووداوەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی رزگارکردنەوە نەبێت.

هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان، دواى کۆنتڕۆڵکردنى زیندانەکە، ژمارەیەکى زۆر لە زیندانییەکانیان ئازاد کرد، بەڵام بەپێى گرتەکان دەردەکەوێت هێشتا ژمارەیەکى زۆر زیندانى هەن کە لە ژێر زەمین و ژوورە نهێنییەکاندان کە دەستگەیشتن پێیان، جۆرێکە لە ئەستەم.

دەمێکە لە بارەى زیندانەکانى سوریاوە زۆر دەوترێت، چەندین رۆمانى لەسەر نوسراوە کە بە وردى باس لە ئەشکەنجە و بێویژدانییەکانى ئەو زیندانانە دەکات، رەنگە بۆ ئەمە رۆمانى “قەپێلک”ـى مستەفا خەلیفە، کە نوسەر و رۆمان نوسێکى سورییە و خۆى 13 ساڵ لە ناو زیندانەکانى رژێمى ئەسەد ژیاوە، باشترین بەڵگە بێت لەسەر ستەمکارى ئەو رژێمە، بەتایبەتیش زیندانى گەورەى سیدنایا.

زیندانى سیدنایا چییە؟

زیندانێکى گەورە و زەبەلاحى سەربازییە، بە دوورى 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکورى دیمەشقى پایتەختى سوریا، ساڵى 1978 دامەزراوە و بووەتە شوێنى راگرتن و لێپێچینەوە لە هەزاران زیندانى کە دەستگیرکراوى مەدەنى و سیاسیى و یاخیبوانن.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ مەزەندە دەکات کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە نزیکەی 30 هەزار دەستگیرکراو لە زیندانی سیدنایا لەژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵدا گیانیان لەدەست دابێت.

ساڵى 2017، رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى مەزەندەى کردووە، پێنج بۆ 13 هەزار کەس لە نێوان ساڵانى 2011 بۆ 2015، لە سیدنایا لە سێدارە درابن.

زیندانەکە لە دوو باڵەخانە پێکهاتووە و دەکەوێتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری و لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی گشتییەوە بەڕێوەدەبرێت، بەزۆری دەستبەسەرکراوان چەند مانگێک یان ساڵانێک لە زیندانەکانی دیکەدا دەستبەسەر دەکرێن و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سیدنایا.

زیندانەکە، رەمزى سەرکوتکردن و ئەشکەنجە و ئازار و ئیهانەکردنى نەیارانى دژ بە رژێمى پێشووى سوریا بووە، جگە لەو زیندانە، هیومان رایتس وۆچ لە ساڵى 2012 دا، 27 ناوەندى دەستبەسەرکردنى لەو جۆرەى لە سوریا بەڵگە کردووە کە زۆرینەیان لە دیمەشق بوون.

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 136 هەزار و 614 کەس کە سێ هەزار و 698 منداڵ و هەشت هەزار و 504 ژن لە زیندانەکانی سوریا لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا لە نێوان مانگی ئازاری 2011 تا کانوونی دووەمی 2024 راگیراون.

بەرەبەیانی 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا هەڵیانکوتایە سەر ئەم زیندانە کە بە “قەسابخانەی مرۆڤ” ناسراوە و بەشێکى زۆرى دەستگیرکراوەکانی ناو ئەو زیندانەیان ئازادکرد، بە منداڵ و ژن و منداڵی کەم تەمەنەوە، کە ژمارەیان چەند هەزار دەستگیرکراو بوو، لە نێویاندا ئەو کەسانە هەبوون کە بە مردوویی لە ژوورى زیندانەکە ماونەتەوە،

یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی پێشووی زیندانی سەیدنایە کە بەشداریی لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەدا کردبوو بۆ دژایەتیکردنی رژێمی ئەسەد، بە لێبوردنی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، لە زیندانی سەیدنایا دەستگیرکراوەکان ناچاربوون لەنێوان مردنی خۆیان یان کوشتنی یەکێک لە کەسوکارەکانیان یان هاوڕێکانیاندا، یەکێکیان هەڵبژێرن.

بەپێى ئاژانسى فرانس پرێس و کۆمەڵەی دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنکراوان لە زیندانی سەیدنایا، هێشتا ژمارەیەکى زۆر ژوورى پڕ لە زیندانى و ژوورى تاریک لە زیندانەکەدا ماون و دەستیان پێنەگەیشتووە.

بە کەوتنى ئەسەد رۆژ رۆژى زیندانیانە

بە کەوتنى ئەسەد رۆژ رۆژى زیندانیانە