زیاتریش دادەبەزێت
ئاڵۆزییەکانی سوریا هاڕەی بە لیرە کرد
964+
شۆرش قادری
دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە بیانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و لیرەی سوریاش بە تەواوەتی داڕما.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964 ـی وت، “ئەمڕۆ شەممە 7.12.2024 بەهای 100 دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بە نزیکەی 151 هەزار و 100 دینار دیاری کراوە و بەرامبەر تمەنی ئێرانیش بە نزیکەی حەوت ملیۆن و 200 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لیرەی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە هەر 100 دۆلارییەک بەرامبەرە بە نزیکەی دوو ملیۆن لیرە، کە پێش شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوو، لە نێوان یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار لیرە بوو.
کەیفی خۆشناو وتیشی، ئەگەر شەڕ و پێکدادنەکانی سوریا بەردەوام بن، چاوەڕێ دەکرێت بەهای لیرە و سەرجەم دراوە فەرمییەکانی ناوچەکە بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.