زەعفەران بۆ کەشوهەواى گەرمیان گونجاوە
با لەمەودوا جوتیارانى گەرمیان زێڕى سوور بەرهەم بهێنن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەشی توێژینەوەی کشتوکاڵی گەرمیان، بۆیەکەمجارە توێژینەوەیان لەسەر رووەکی زەعفەران کرد و ئەنجامەکەى دەریخستووە، کە ئەو رووەکە بۆ کەشوهەواى گەرمیان گونجاوە و جوتیاران دەتوانن لەمەودوا بیچێنن.
زەعفەران بە زێڕی سوور ناودەبرێت، وەک بەھارات بۆناو خواردن بەکاردەھێنرێت
سیامەن عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـى وت،”زەعفەران بەھۆی گرانی نرخەکەیەوە بە زێڕی سوور ناو دەبرێت، لە ناوەڕاستی مانگی نۆ و مانگی 10، بە دوو قۆناغ دەستمانکرد بە چاندنی رووەکی زەعفەران لەسەر رووبەرێکی بچووک، بۆ ئەوەی بزانن لەگەڵ کەشوھەوای گەرمیان دەگونجێت یان نا”.
لە هەڵەبجە وەبەرهێنان لە گوڵی زەعفەران دەکرێت
“توێژینەوەکە بە ھاوکاری و پاڵپشتی رێکخراوی جایکای یابانی ئەنجام دەدرێت، بە سێ جۆر لە مادەی کیمیایی توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە، تا ئێستا سەرکەوتووە بووە و گوڵی کردووە، بەڵام جارێ نەگەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی”،سیامەن عومەر وای وت.
وەک باسى دەکات، زەعفەران زیاتر لەگەڵ کەشوهەواى فێنک دەگونجێت، بۆیە لە گەرمیان لە وەرزى پایز دەستیان بە تاقیکردنەوەکە کردووە، چونکە ئەو کات کەشى گەرمیان بەرەو فێنگى دەچێت.
جەختیش دەکاتەوە، ئەو کاتەى توێژینەوەکەى لەسەر کراوە گونجاو بووە و دەرکەوتووە کە رووەکەکە بەرێژەى 99% سەرکەوتوو بووە.
ئاشکراشى کرد، ئەو سێ جۆرى پەینەى کە توێژینەوەکەى لەسەر کراوە، دواى قۆناغى کۆتایى ئەگەر دەرکەوت کام جۆریان بەرهەمى باشترى هەبووە، ئەوا رێنمایى جوتیاران دەکەن کە زەعفەرانیان چاند کام جۆرەیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەى بەرهەمى باشتر، بچننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح