لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەسام سەباغ
سەرۆک کۆمار داوای پاراستی یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلی سوریا دەکات
964+
شۆڕش قادری
لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق داوای پاراستنی یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلی سوریا دەکات.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوی عێراق و ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6.12.2024 بەسام سەباغ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا چووە کۆشکی سەلام و لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.
“لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەرتاسەری ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار پەرۆشی عێراقی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزێت و هۆشداریشیدا لە ئاکامەکانی ئەم رووداوە ئەمنیانە کە پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی”، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.
لەتیف رەشید هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا دووپاتکردووەتەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کردووە کە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێک کە ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا دەستەبەر بکات.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران و سوریا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان لە بەغدا ئەنجامدا و سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمدواییەی سوریا و لێکەوتەکانی، قسەیان کرد.