رانیە
ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا
964+
وریا فەتاح
نوێکردنەوە کاتژمێر 9:30 خولەک
دەروو قادر وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بە 964ـى وت،”رووداوەکە کاتژمێر 8:20 خولەکى ئەمشەو، تەرمى ئافرەتێک بەناوى (پ.ا.ح)، لە دایکبووى 1953 دانیشتووى گوندى گردجان گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى گشتیى رانیە کە شوێنەوارى ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بووە”.
روونیشى کردەوە، بە وتەى کەسوکارەکەى ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکەنجەدراوە و بەوهۆیەوە گیانى لەدەست داوە.
وەک باسى دەکات، دواى ئەوەى توێکارى بۆ تەرمى ژنەکە کراوە، رادەستى کەسوکارى کراوەتەوە و تۆمەتباریش دواى دەستگیرکردنى بەپێى مادەى 406 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراوە و لێکۆڵینەوەى لێدەکرێت.
هەواڵى پێشووتر
لە گوندى گردجانى سنوورى رانیە، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسى راپەڕین بە 964ـى وت،” ژنێک کە دانیشتووى گوندى گردجانە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە”.
بە وتەى سەرچاوەکە، تەرمى ژنەکە رەوانەى پزیشکى دادى کراوە و پیاوەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیرکراوە.
سەرچاوەکەى پۆلیس باسى لەوەشکرد، بە وتەى کەسوکارى، پیاوەکە بارودۆخى دەروونى تەواو نەبووە.
964 قسەى لەگەڵ دەروو قادر، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین کرد، وێراى پشتڕاستکردنەوەى رووداوەکە، وتى،”لە لێکۆڵینەوەداین و دواتر روونکردنەوەمان دەبێت”.
گردجان گوندێکە کەوتووەتە سنوورى ناحیەى چوارقوڕنەى سەربە قەزاى رانیە و دانیشتوانەکەى زیاتر بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.