شوێنی پاركەكەی كۆیە. فۆتۆ: 964
قەزای کۆیە
پارکێکی گەورەی 83 دۆنمی 14 ساڵە تەواو نەکراوە
+964
گۆڤەند فەتاح-کۆیە
14 ساڵە پارکێکی گەورەی 83 دۆنمی، کە یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی سنووری قەزای کۆیە تەواو نەکراوە و پشتگوێخراوە، شارەوانیی کۆیەش دەڵێت، نەبوونی بودجە وایکردووە پڕۆژەکە تەواو نەکرێت.
پارکەکە جگە لە چاندنی چەند دارێک و دروستکردنی سیاجێک لەگەڵ دانانی نزیکەی 100 مەترێک کێربستۆن، هیچیتری بۆ نەکراوە، وەک بوونی چیمەن و سەوزایی زۆر و ستافی خزمەتکردن و پڕکردنی پارکەکە لە داری هەمەجۆر، یان دابینکردنی رووناکی و دروستکردنی رێگە بۆ پارکەکە.
محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە، بە 964ـی وت، پارکەكە یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی سنوورەکە، زۆر بابەتی پێویست ماون بۆ ئەوەی پارکەکە تەواو بکرێت، وەک جوانکاری، دانانی نافورە، چاندنی دار و سەوزایی زیاتر و دابینکردنی کارەبا و زۆر شتی وردەی پێویستی دیكە، بەڵام بە هۆی ئەوەی هیچ بودجەیەکی تایبەت لە لایەن حکومەتەوە خەرج ناکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی پارکەکان، بۆیە ئێستا ئەو پارکە وا دەمێنێتەوە و هیچی بۆ ناکرێت.
سەگه بێلانەكانى كۆیە رەوانەی شێڵتەرەكەی هەولێر دەكرێن
محەمەد میرحاج ئاماژەی بەوەش کرد، بە هۆی ئەوەی ئەو پارکە زۆر گەورەیە و 83 دۆنم زەوییە، لە توانای شارەوانیی ئێمەدا نییە نۆژەنی بکەینەوە و پرۆژەکە تەواو بکەین، دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بودجەی تایبەتی بۆ دەربچێت و نۆژەن بکرێتەوە.
پارکەکە دەکەوێتە تەنیشت فەرمانگەی پاسپۆرتی کۆیە، لە سەرەتای رێگەی دەشتی کۆیە، بە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەنتەری قەزاكەوە دوورە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا