بەو پارەیە کار ناکەین و زەرەرمانە

خاوەن پاسەکانی رانیە دژی کەمکردنەوەی کرێی پاسەکانیان گردبوونەوە

+964
محەمەد عەلی ـ راپەڕین

بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی راپەڕین، کرێی پاسەکانی قوتابیانی کەمکردەوە لە سنووری رانیە، لە 30 هەزارەوە بۆ 25 هەزار، خاوەن پاسەکانیش ناڕازین و لە بەردەم قایمقامەتی رانیە گردبوونەوە و دەڵێن، “ئێمە زەرەرمەند دەبین و بەو نرخە کەمە کار ناکەین”.

بەختیار قادر، بەشداربوویەکی گردبوونەوەکەیە و ئەمڕۆ چوارشەممە 4.12.2024، بە 964ـی وت، “وەک خاوەن پاسەکانی رانیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیمان لە بەردەم قایمقامەتی رانیە ئەنجام دا، بڕیارێک دەرچووە ئێمە کرێی پاسەکان کەم بکەینەوە لە 30 هەزارەوە بۆ 25 هەزار، نرخەکەش کەمە و ئێمە قازانج ناکەین و خەرجیمان زۆرە”.

روزنیشیکردەوە، ئەوان نزیکی 150 شوفێر دەبن، هاتوچۆ بە قوتابیانی سنوورەکە دەکەن بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ هەر قوتابییەک بۆ یەک مانگ 30 هەزار وەردەگرن، بۆ چوارقوڕنە حاجیاوا 35 هەزار وەردەگرن، ئێستاش پێیان وتوون دەبێت 25 هەزار وەرگرن.

“بە بەنزین و شکانی سەیارەکانمانەوە بەو نرخە زەرەر دەکەین، ئێمە بەو نرخە رازیی نین و قازانج ناکەین، کە لایەنی پەیوەندیدار ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێنێتەوە سەرجەم خاوەن پاسەکان ئامادەنین چیتر هاتوچۆ بە قوتابیان بکەن”، بەختیار قادر وای وت.

کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامەتی رانیە، لەوبارەیەوە بە 964ـی وت، ” لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی راپەڕین، کۆنوسێک کراوە کە مانگانە پێویستە 25 هەزار وەربگیرێت لە گواستنەوەی خوێندکارانی رانیە، بەشێکیان رۆژانی شەممەش هاتوچۆ دەکەن، واتا دوو جار هاتوچۆ بە پاس دەکەن، ئەوانە ئاساییە کە بڕی 30 هەزار وەربگرن، بەڵام رۆژانی  شەممە و هەینی نەبێت، دەبێت 25 هەزار وەربگرن”.

ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیارەكە لە سەر سکاڵای چەند هاوڵاتییەک دراوە، لە قەڵادزێ کرێی پاس 20 هەزارە و لە حاجیاوا 25 هەزار وەردەگیرێت، بەڵام لە رانیە 30 هەزار بوو، بۆیە کردوویانە بە 25 هەزار.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خاوەن باخەکانی سنووری شارەوانی رانیە گردبونەوەیان ئەن...

خاوەن باخەکانی سنووری شارەوانی رانیە گردبونەوەیان ئەنجامدا