964 هەر زوو ساغى کردبووەوە

ئەو هاوڵاتیەى شەوى رابردوو بە سیناریۆ کوژرا، بە زیندووى دەستگیرکرا

964+

وریا فەتاح

لەسەر دەنگۆى رووداوێکى کوشتن کە شەوى رابردوو لە هەولێر روویدا و گرتە ڤیدیۆگەى بڵاوکرایەوە، ئاسایشى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، چەند خوێندکارێک ئەنجامیانداوە و بەمەبەستى سیمینار بووە و هیچ رووداوێکى کوشتن نەبووە.

هەر ئەم بەیانییە زوو، 964 هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە

ئاسایشى هەولێر بڵاوى کردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردو لە زۆربەی پێگەو پەڕەکانی دەزگاکانی راگەیاندن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەڤیدیۆیەک بڵاو کرایەوە و کە تاوانێکی کوشتن روویداوە لە ناوشاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچون ئەنجامدرا و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، ئەو خوێندکارەى کە لە گرتەڤیدێۆکە وا پیشان دەدرێت کە دەکوژرێت و خاوەنی ئەو دوکانەی کە کامێرەی چاودێرەکەی تێدایە دەستگیر کران.

باسلەوەشکراوە، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گرتەڤیدێۆیە لە لایەن چەند خوێندکارێکى پەیمانگای پۆڵەتەکنیکی بەشێوەی کورتەفلمێک تۆمار کراوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی سیمینارێک لە پەیمانگاکەیان.

روونیشکراوەتەوە، دواى مۆنتاژکردنى، گرتە ڤیدیۆکە بڵاوکراوەتەوە و دەزگاکانى راگەیاندنیش بەبێ ئەوەى لە راستى و دروستى دڵنیاببنەوە، بڵاویان کردووەتەوە.

ئەو کەسەى دە وابڵاوکرایەوە کوژراوە، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، ئەوەى بەکار هاتووە چەکى پلاستیکى بووە و هیچ جۆرە چەکێکى کوشندەى تێدا نەبووە.

964 لە چوارچێوەى بڕوابوون بە گەیاندنى زانیارى و هەواڵى دروست، پەلەى نەکرد لە بڵاوکردنەوەى هەواڵەکە، تا بەیانى ئەمڕۆ، وەک یەکەم دەزگاى میدیایى، لەزارى وتەبێژى پۆلیسى هەولێرەوە پشتڕاستى کردەوە کە رووداوەکە سیناریۆ بووە و هیچ کەسێک نەکوژراوە.

ئایا شەوی رابردوو لە هەولێر كەس كوژراوە؟

ئایا شەوی رابردوو لە هەولێر كەس كوژراوە؟