کار کردن لە شەقامی 100 مەتری گەڕەکی 8ـی حەسارۆک وێنە: پارێزگای هەولێر
دوو گەڕەکی شاری هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە
شەقامێکی 100 مەتری لە 8ـی حەسارۆکی هەولیر قیر دەکرێت
964+
ژێوار خدر
پڕۆژەی قیرتاو کردنی شەقامی 100 مەتری لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، کە شەقامەکە دەکەوێتە نێوان گەڕەکی 5ـی حەسارۆک و 8ـی حەسارۆک دەکات و هەردوو گەڕەکەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی ناوچەکە دەکات.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کارکردن لە پرۆژەکەدا دەستیپێکردووە و بڕی زیاتر لە یەک ملیار و 74 ملیۆن دیناریش بۆ کارکردن لە پڕۆژەکەدا تەرخان کراوە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر.
وتیشی، ئەم شەقامە شەقامێکى گرنگ و ستراتیژیه و بەشێکی دیکەیە لە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کە لە کەرتى 8ى حەسارۆک جێبەجێکراوە، درێژى شەقامەکە دوو هەزار و 200 مەترە.
روونیشیکردووەتەوە، ئەم شەقامە جگە لەوەی گەڕەکى 5ى حەسارۆک بە جووت سایدى 60 مەترى 8ی حەسارۆک دەبەستێتەوە، هەردوو گەڕەکیش بە شەقامى سەرەکى کەسنەزان – کۆیە دەبەستێتەوە و ئاسانکاریی زۆر بۆ هاتوچۆى هاوڵاتییانى ناوچەکە دەکات.
کەرتی 8ی حەسارۆک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەسەر رێگای کۆیە، زیاتر لە 16 هەزار و 500 پارچە زەویی 200 مەتری، 250 و 300، 450 و 600 مەترییە.