فریاگوزارى خێرا
ئەو پڕۆژەیەى هەولێر لە بێئاوى رزگار دەکات سەروو 20%ـى کارەکانى تەواو بووە
964+
وریا فەتاح
کارکردن لە پڕۆژەى فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە (ئیفراز 4) بۆ شاری هەولێر بەردەوامە و بەڕێوەبەرایەتى ئاوى شارەکەش دەڵێت، سەروو 20%ـى تەواو بووە.
رۆژى 8.9.2024، لەلایەن سەرۆکى حکومەتەوە بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانرا کە وەک ئەوەى لە وتارى کردنەوەکەیدا مەسرور بارزانى وتى،” پڕۆژەکە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە هەولێر ناهێڵێت”.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر بڵاوى کردەوە کە دواى سەردانى بەڕێوەبەری گشتی ئاو ئاوەڕۆ بۆ سەر پڕۆژەکە و گفتوگۆکردنى لەگەڵ سەرپەرشتیارانى، دەرکەوتووە کە کاروچالاکییەکانی پڕۆەکە تاکو ئێستا بەگوێرەی پلانی دارێژراو دەڕوات و سەروو 20%تى کارەکانى تەواو بووە.
بەپێى زانیارییەکانى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، بە تەواو بوونى پڕۆژەکە رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات و لەماوەی یەک کاتژمێردا نزیکەی 20 هەزار مەتر سێجا ئاو فلتەر دەکات کە بۆ خواردنەوە بشێت، ئەو رێژەیەش دەکاتە کۆی هەموو ئەو ئاوەی لە هەرسێ پرۆژەی ئیفراز و کۆی ئەو بیرانەی ئاو بۆ هەولێر دابین دەکەن.
لە کۆگاکانی دابەشکردنی ئاو بە چوار بۆری گەورە ئاو دەگەینرێتە شاری هەولێر بەمجۆرە ئاماژەی پێکراوە:
بۆری یەکەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە سێبیرانەوە دەگوازێتەوە و بە شەقامی 150 مەتریدا تێدەپەڕێت تا ڕێگای کۆیە، لەو ئاڕاستەیە ژمارەیەک لقی لێدەبێتەوە کە ئاو دەگوازنەوە بۆ ‘سێبیران ، شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس’.
بۆری دووەم، لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە ناوشار، تا دەگاتە شەقامی بەحرکە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەم سنورە دابین دەکات.
بۆری سێیەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ‘مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە ئەحمەد، دارەتوو، بنەسلاوە، هەشتی حەسارۆک و کەسنەزان.
بۆری چوارەم، لەناوەوەی شەقامی 120 مەتریەوە ئاو دەگوزێتەوە بۆ گەڕەکەکانی 32ی پارک، شادی، بەهاری نوێ، بەهاری کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و 94ی باداوە.