وێنەی ئەو كاتەی ژمارەیەك ئاوارەی لوبنانی گەیشتنە عێراق
دوو هەزار و 500 كەس
لوبنانییەكانی ئەنبار دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان
ئەرسەلان عەبدوڵا
قایمقامی قەزای قائیم لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە عێراق رایگەیاند، دوو هەزار و 500 لوبنانی گەڕانەوە وڵاتەكەیان.
توركی محەمەد خلێف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو هەزار و 500 لوبنانی، كە بەهۆی شەڕی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاوارەی عێراق ببوون، لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم گەڕانەوە وڵاتەكەیان.
ئەوەشی وتووە، حكومەتی خۆجێی لە ئەنبار ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی لوبنانییەكان كردووە و لە رێگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانەوە پاسی گواستنەوە و پێداویستی دیكەی بۆ دابین كردن.
لە ماوەی رابردوو بەهۆی شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیلەوە لە لوبنان، بە سەدان خێزانی لوبنانی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون، بەشێك لەوانەش هاتنە عێراق و لە شارە جیاجیاكان نیشتەجێبوون، ئێستاش دوای راگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ، خەریكە دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.