بە فەرمی بانگهێشت كراوە
كەی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ سەردانی هەولێر دەكات؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رەنگە لە سەرەتای ساڵی نوێ سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ سەردانی پایتەختی هەرێمی كوردستان بكات.
ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ هەینی لە ئیستەنبوڵ بە تەلەفۆن بە 964ی راگەیاند، بانگهێشتی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ ئەكرەم ئیمامئۆغلووی كردووە سەردانی هەولێر بكات و ئەویش بە فەرمی قبوڵی كردووە، بەڵام هێشتا وادەی سەردانەكەی دیاری نەكراوە.
وتیشی، پێشبینی دەكات لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانەكە ئەنجام بدرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، لە 12.12.2024 جارێكی دیكە سەردانی ئیستەنبوڵ دەكاتەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی تایبەت بە چارەسەرى کێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دوای ئەوە سەری ساڵ دێت، بۆیە پێشبینیی دەكات ئیمامئۆغلوو لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانی هەولێر بكات.
چەند رۆژێكە پارێزگاری هەولێر بە بانگهێشتی فەرمی لە ئیستەنبوڵە بۆ بەشداریكردن لە پێشانگەی MUSIAD EXP 2024، هەروەها چەند چالاكییەكی دیكەش لەوێ ئەنجام دەدات.
ئومێد خۆشناو لە 25.7.2024 لە پاریس لە كۆنفرانسی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا جارێكی دیكە چاوی بە ئیمامئۆغلوو كەوتبوو، ئەوكاتیش داوەتی هەولێری كرد، بەڵام هێشتا سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ سەردانی هەولێری نەكردووە.