مامۆستایان نییە

قوتابیانی قوتابخانەی رازی لە كەركوک بایکۆتی خوێندنیان راگەیاند

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەهۆی نەبوونی مامۆستا، قوتابیانی قوتابخانەیەکی خوێندنی عەرەبی لە شاری کەرکوک بایکۆتی خوێندنیان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.11.2024، دایکان وباوکانی قوتابیانی قوتابخانەی رازی سەرەتایی لە گەڕەکی کوردستان هاوشانی منداڵەکانیان، لەبەردەم قۆتابخانەکە گردبوونەوە و بایکۆتی خوێندنیان راگەیاند، داواکارن مامۆستا بۆ قوتابخانەی منداڵەکانیان دابین بکرێت.

دینە حەمزە، قوتابی پۆلی شەشەمە لە قوتابخانەی سەرەتایی رازی، بە 964ـی وت، “بەهۆی نەبوونی مامۆستا 70 قوتابی دەخرێنە ناو هۆڵێک یەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە، ساڵی رابردووش بەهۆی نەبوونی مامۆستا قوتابیمان هەبوو بە هۆی یەک وانە ماوەتەوە”.

دونیا عومەر، دایکی یەکێک لە قوتابییەکان بە 964ـی وت، کچەکەم پۆلی شەشی سەرەتاییە و ئەمساڵ تاقیکردنەوەکانیان وزاریە، زیاتر لە 12 مامۆستایان کەمە، تا ئێستا بەشێکی وانەکانیان نەخوێندووە، خۆمان لە ماڵەوە وانەی پێ دەڵێین، بەڵام لە قوتابخانە باشتر تێدەگەن.

قوتابخانەی رازی سەر بە خوێندنی عەرەبییە لە شاری کەرکوک و زیاتر لە 500 قوتابی دەوامی تێدەکات، بە زمانی عەرەبی وانە دەخوێنن، ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە گەڕەکی کوردستان.

964 پەیوەندی بە بەرێوەبەر و گشتی پەروەردە و بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکوكەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوون.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

مامۆستایانی خوێندنی کوردی کەرکوک گردبوونەوە

مامۆستایانی خوێندنی کوردی کەرکوک گردبوونەوە