دژى دابەشکردنى زەویەکانیانن بەسەر فەرمانبەراندا
خاوەن باخەکانی سنووری شارەوانی رانیە گردبونەوەیان ئەنجامدا
+964
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
خاوەن زەوی و باخەکانى رێگەى قائید لە سنوری رانیه، دژی دابەشکردنی زەوییەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا لەبەردەم ئیدارەیی راپەڕین گردبونەوە، ئەوان داوا دەکەن باخ و زەوییەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکرێت و لە شوێنێکى دیکە زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکەنز
عەلی حسێن، یەکێک لە خاوەن زەوییەکان، ئەمڕۆ رۆژی پێنج شەممە 28.11.2024 بە 964ـی وت،“ ئێمە وەک خاوەن باخەکانی رێگەى قائید لە سنوری رانیە لەبەردەم ئیدارەی راپەڕین گرد بوینەوە، ئامانجی گردبونەوەکەمان، ریگریکردنە لە دابەشکردنی زەوى و باخەکانمان لەلایەن شارەوانی رانیە بەسەر فەرمانبەراندا”.
زەوییەکانى ئەو شوێنە زۆربەیان کراون بە باخ، هەر بۆیە عەلى حوسێن دەڵێت، رازی نین باخەکانمان دابەش بکەن و خەرجى زۆرمان لێکردوون و زۆر زەرەر مەد دەبین.
وەک باسى دەکات، زیاتر لە 300 باخى ئەو سنوورە جیاکراونەتەوە بۆ ئەوەى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێن، لە کاتێکدا بەشێکى زۆر لە خاوەن باخەکان ژیانیان لەسەر ئەو باخانەیە.
“باخ هەیە نرخەکەى دەگاتە نزیکەى 10 دەفتەر دۆلار، شارەوانى بەنیازە بە پارچەیەک زەوى قەرەبووى بکاتەوە، ئەوەش زۆر کەمە و لە ئاستى پێویستدا نییە”. ئەو خاوەن باخە واى وت.
تائێستا هیچ زەویەک دابەش نەکراوە، خاوەن زەوى و باخەکانى رێگاى قائید ئاگادارن کە شارەوانى رانیە بەبێ ئاگادارى ئەوان بەنیازى دابەشکردنیانە.
964 زۆر مەبەستى بوو لەگەڵ بەرپرسانى شارەوانى و ئیدارەى راپەڕین لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات و لیدوانیان لێوەربگرێت، بەڵام نە شارەوانى و نە ئیدارەى راپەڕین بەردەست نەبوون، یان وەڵامى تەلەفونەکانیان نەدەدایەوە یان لە دەرەوەى بازنەى پەیوەندى بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح