هاوشێوەى مامۆستایانى رانیە

مامۆستا و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سنووری ھەڵەبجە پڕۆژەى بریتیش کاونسڵ رەتدەکەنەوە.

964+

ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

هاوشێوەى مامۆستایانى رانیە، بەڕێوەبەرى قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانى هەڵەبجە گردبوونەوە و پڕۆژەى بریتش کاونسڵ رەت دەکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.11.2024، بەڕێوبەری قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژەى پەرەپێدانی تواناکان (بریتش کاونسڵ)، گردبوونەوەی و بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریاندا پڕۆژەکە رەت بکەنەوە.

ئەردەڵان حەمە سەعید، بەڕێوبەری قوتابخانەی شارۆ بە 964ـى وت،” لە کۆی زیاتر لە 90 بەڕێوبەری سنوورەکە، تەنیا یەک بەڕێوبەر واژووی لەسەر رەتکردنەوەکە نەکردووە، و بە کۆی دەنگی بەڕێوبەری قوتابخانە و باخچەکان، ئەم سیستەمەمان رەتکردۆتەوە، چونکە کاریگەی خراپی لەسەر کۆی پرۆسەی پەروەردە ھەیە”.

بە وتەی ئەردەڵان حەمە سەعید، لەم سیستەمەدا، مامۆستا سەرقاڵ دەکرێت، بە کۆمەڵێک کاری لاوەکی، لێژنە و راھێنان کە وا لە مامۆستا دەکات، کاتی بۆ کارە سەرەکیەکەی خۆی نەبێت، کە پەروەردە و فێرکردنە لەناو پۆلدا.

بەڕێوبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکانی ھەڵەبجە چەند جارێکە لەڕێی کۆکردنەوەی واژۆوە، ئەم سیستەمە رەتدەکەنەوە، ئەمڕۆش بە نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی قوتابخانەکان، بەڕێوبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەڵەبجە، بە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان فراوانکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەرى زیاتر لە 100 قوتابخانەى سنوورى پەروەردەى رانیە کۆبوونەوە و واژۆیان کۆکردەوە بۆ رەتکردنەوەى پڕۆژەى بریتش کاونسڵ.

پڕۆژەى پریتش کاونسڵ یان پەرەپێدانى تواناکان، لە ساڵى 2019ـەوە لە قوتابخانە حکومییەکانى هەرێم دەستى بە جێبەجێکردن کردووە و ئەرکى مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان دیارى دەکات.

مامۆستایانى هەڵەبجە لەبەر ئەم هۆکارانە پڕۆژەکە رەتدەکەنەوە:

یەکەم: نەگونجاندنى ئەم بەرنامەیە لەگەڵ ژیان و ژینگەى مامۆستایان و کەسوکارى قوتابیان.

دووەم: چارەسەرنەکردنى ئاڵنگارییەکانى ساڵانى رابردووى قوتابخانەکان کە هەموو ساڵێک ئاماژەى پێدەکرێت.

سێیەم: گەڕاندنەوەى سەرپەرشتیارى پسپۆڕى بۆ ناوەندەکانى خوێندن.

چوارەم: خراپى بارودۆخى دارایى کۆمەڵگا بەگشتى.

پێنجەم: ئەم بڕیارەمان دژى هیچ دامەزراوەیەکى پەروەردەیى نییە، بەڵکو خەمخۆرییە بۆ پڕۆسەى پەروەردە و فیرکردن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە رانیە پڕۆژەى بریتش کاونسڵ رەتدەکەنەوە

لە رانیە پڕۆژەى بریتش کاونسڵ رەتدەکەنەوە