بۆ ناسینەوەی روفاتی ئانفالکراوانە
سێ رۆژە نمونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان وەردەگیرێت
964+
توانا نەقی
بۆ جاری دووەم تییمی لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی نمونەی خوێن (DNA) لە کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و سبەینیش کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەنفالکراوانی گەرمیان لەگەڵیان کۆتایی دێت و دوای سەری ساڵ دیسان دەستپێدەکەنەوە.
لیژنەکە ماوەی چوار رۆژە بەبێ کێشە و گرفت کاردەکەن و بەپێی پێویست نمونەیان لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەرگرتووە.
جەبار عومەر بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ سێیەمین رۆژی وەرگرتنی خوین بۆ پشکنینن DNA لە خانەوادەی ئەنفالکراوانی گەرمیان لە کتیبخانەی گشتی لە ناحیەی رزگاری وەرگیرا.
وتیشی، لە سەردانی یەکجاریانا نزیکەی 250 خانەوادەی ئەنفالکراوان نمونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە و سبەینێش کە ئەخر رۆژی سەردانی دووەم جاریانە دەردەکەوێت کە سامپڵیان لە چەند خێزان وەرگرتووە.
چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان کەسەر لەسەر کۆبوونەوەی لیژنەکە لە ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەو ئەنفالکراوانەی کەسوکاریان لە ژیان ماون نمونەی خوێن لە هەموویان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی هەر روفاتێک لە خوارووی عێراقەوە بهێنرێتەوە گەرمیان بە ئاسانی کەسوکاریان بناسرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە لە پەیمانگای پزیشکی دادیی بەغدا و فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق و رێکخراوی icmo ی نێودەوڵەتی پێک هاتوون، دەست دەکەن بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی خوێن لێیان.