داوای دامەزراندن و بەهەمیشەییبوون دەکەن
بەشێک لە کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی گەرمیان گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەشێک لە کارمەندانی گرێبەستی پەرەپێدان لە تەندروستی گەرمیان گردبوونەوە و داوای دامەزراندن و بەھەمیشەییبوون دەکەن.
هێمن بەکر یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “ژمارەمان 127 کارمەندە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان و کاتێکیش دەستبەکاربووین نەمانزانیوە بەشی پەرەپێدان چییە، تەنها گرێبەستێکمان بۆ کراوە و دەوامی خۆمان کردووە”.
“بڕیارەکانی حکومەت بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئێمە ناگرێتەوە، لەکاتێکدا من خۆم نزیکەی 12 ساڵ خزمەتم هەیە و چاوەڕێ بووم خزمەتەکەم بۆ حیساب بکرێت و دابمەزرێم”، هێمن بەکر وای وت.
هاوکات ئەڤین خەلیل یەکێکی دیکە لە کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی گەرمیان بە 964ـی وت، “کاتێک دەستبەکاربووین، دامەزراندن نەبوو، پێیانوتین هەرکات بڕیار هات، ئێوە یەکەم کەس دەبن کە دادەمەزرێن و دەکرێن بە هەمیشەیی بەڵام ئێستا دەڵێن، لەسەر پەرەپێدانن و بڕیارەکە ئێوە ناگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین تا ئەو کاتەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان دەدرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 24.11.2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە گشتاندنێکدا 14 مەرجی تایبەت بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دیاریکرد و ئەوەش بەشێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی نیگەران کردووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری