شۆرتی کارەبا
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ وەستا
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
هەورەبروسکە و باران شۆرتی لە هێڵی سەرەکیی کارەبای پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ دروستکردووە، بەهۆیەوە پڕۆژەکەی لەکار خستووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش دەڵێت، تا کارەبا نەگەڕێتەوە ناتوانین کار بە پڕۆژەکە بکەین”.
مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، ئەمڕۆ سێشەممە، 26.11.2024 بە 964ـی وت، دوێنێ نزیکەی کاتژمێر 03:00 کارەبای پڕۆژەکەیان کوژایەوە، بەهۆی دروستبوونی شۆرتەوە لە هێڵی سەرەکیی کارەبای نیشتمانییان.
وتیشی، “شۆرتەکە بەهۆی هەورەبروسکەوە بووە، بەشی کارەبای پشدەرمان ئاگادار کردووەتەوە لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان”.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەمشەو کارەبا لە پڕۆژەکەیاندا نەبووە، ئەمڕۆش نەیانتوانیوە کار بە پڕۆژەکە بکەن، ئەگەر ئەمڕۆ کارەبا نەگەڕێتەوە ناچارن مۆلیدەکانیان پێبکەین.
بە قسەی مارف مەحمود بێت، پڕۆژەکە پێنج مێگاوات کارەبای پێویستە بۆ کارپێکردنی، بۆیە دابینکردنی لە رێگای مۆلیدەوە خەرجی زۆری دەوێت کە بە بەردەوامی کاری پێبکەن، دەشڵێت “کێشەکە چارەسەر نەکرێت، گرفتی کەم ئاویمان بۆ دروست دەبێت”.
لایخۆشییەوە، عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەڵادزێ، بە 964ـی وت، “ئاگادارین کە شۆرت لە هێڵی 33kvـی دروستبووە، لەکاتی بارانباریندا دروست بووە، شۆرتەکە لە تاوەرە بەرزەکاندا دروستبووە، تیمی تایبەتی سلێمانی هاتوون لە هەوڵی چاکردنەوەیدان، ئەمڕۆ گرفتەکە دەدۆزنەوە و چارەسەری دەکەن”.
پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن